دووکاندارەکانی بازاڕی قەیسەری هەولێر بە پڕۆژەی ڕووناکی خۆشحاڵن
پڕۆژەی "رووناکی" بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەرچەرخانێکی گەورەی لە بازاڕی مێژوویی قەیسەریی هەولێردا دروست کردووە. ئەم هەنگاوە نەک تەنیا باری دارایی کاسبکارانی سووک کردووە، بەڵکو سیمایەکی شارستانی و ژینگەیەکی بێدەنگی بە بازاڕەکە بەخشیوە. کاسبکاران بە خۆشحاڵییەوە باس لەوە دەکەن کە چیتر دەنگی مۆلیدە و بۆنی دووکەڵ رێگر نین لەبەردەم جووڵەی کڕیار و گەشتیاراندا.
بۆ ماوەی چەندین ساڵ، مۆلیدە ئەهلییەکان بە دەنگەبەرز و دووکەڵە ژەهراوییەکەیانەوە ببوونە سیمایەکی ناخۆشی بازاڕی قەیسەری، بەڵام ئێستا بەهۆی پڕۆژەی رووناکی، ئەو دۆخە گۆڕاوە و کارەبایەکی جێگیر و بەردەوام دابین کراوە.
یەکێک لە بازرگانەکانی نێو بازاڕی قەیسەری، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 جەخت لە دابەزینی بەرچاوی تێچووی کارەبا دەکاتەوە و دەڵێت: "جاران مانگانە بڕی 50 بۆ 60 هەزار دینارمان تەنیا بۆ مۆلیدە و کارەبا دەدا، بەڵام ئێستا بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکی، پسوولەی کارەباکەمان بۆ تەنیا 10 بۆ 12 هەزار دینار دابەزیوە. ئەمە جیاوازییەکی یەکجار گەورەیە و باری سەرشانمانی سووک کردووە."
هەروەها کاسبکارێکی دیکەی ناو بازاڕەکەیە، ئاماژە بە نەمانی دەردەسەرییەکانی مۆلیدە دەکات و دەڵێت: "پێشتر دوو پسوولەمان بۆ دەهات، هەم هی مۆلیدە و هەم هی کارەبای نیشتمانی، بەڵام ئێستا تەنیا یەک پسوولەمان بۆ دێت کە بڕەکەی زۆر گونجاوە. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ژینگەیەکی پاک و بێدەنگمان بۆ گەشتیاران رەخساندووە؛ جاران گەشتیار بەهۆی بۆنی گاز و دووکەڵی مۆلیدەکانەوە نەیدەتوانی لە ناو قەیسەری بمێنێتەوە، بەڵام ئێستا کەشوهەواکە زۆر پاک و بێدەنگ بووە."
خاوەن چێشتخانە و کارمەندانی ناو بازاڕیش جەخت دەکەنەوە کە کارەبای 24 کاتژمێری کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر باشتربوونی کارەکانیان هەبووە. یەکێک لە خاوەن چێشتخانەکان دەڵێت: "جاران بەهۆی پچڕانی کارەبا و فشاری سەر مۆلیدەکانەوە، ئامێرەکانمان زوو دەسووتان و گەرمایەکی زۆریش ناو دوکانەکەی دەگرتەوە، بەڵام ئێستا بە ئیسراحەت کار دەکەین و کارەبایەکی بێ پچڕانمان هەیە."
پڕۆژەی رووناکی وەک بەشێک لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مۆدێرنکردنی کەرتی وزە و خزمەتکردنی ناوەندە بازرگانییەکان، توانیویەتی کارەبایەکی بەردەوام و جێگیر دابین بکات، کە ئەمەش بووەتە هۆی بووژانەوەی زیاتری کەرتی بازرگانی و رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ کڕیار و کاسبکاران لە دڵی پایتەختدا.