ئیرەوانی: ئەگەر واشنتن پابەند نەبێت، ئێران ڕێککەوتنی ئاگربەست هەڵدەوەشێنێتەوە
ئێران هۆشداری دەداتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ئەگەر واشنتن بەردەوام بێت لە پێشێلکردنی بەڵێنەکانی، چیتر پابەندی ئەو رێککەوتنە نابێت کە بە نێوەندگیریی پاکستان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واژۆ کراوە. ئەم هەڕەشەیەی تاران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆتاییهاتنی فەرمیی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵاتی راگەیاند.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیویۆرک رایگەیاند: "ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت لە پێشێلکردنی پابەندییەکانی لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد، ئەوا ئێران چیتر خۆی بە پابەند بەو رێککەوتنە نازانێت."
ئیرەوانی، واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی بەفراوان بۆ سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران"، هەموو بنەماکانی رێککەوتنەکەی پشتگوێ خستووە. نوێنەرەکەی ئێران جەختی کردەوە، وڵاتەکەی تەنیا لەو کاتەدا بە پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی "یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە" دەمێنێتەوە، کە ئەمریکاش بە تەواوی و بە راستگۆیی بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.
ئەم ئاڵۆزییە نوێیەی نێوان واشنتن و تاران لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ناوچەکە گەیشتبوونە قۆناخێکی هەستیار. رێککەوتنەکە بە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان هاتبووە ئاراوە، پێشتر ئاگربەستێکی لە مانگی نیساندا لێکەوتبووەوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی پێکدادانە چەکدارییەکان لە گەرووی هورمز، ئاگربەستەکە هەرەسی هێنا و دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی رایگەیاندبوو "ئاگربەست کۆتایی هاتووە"، هەرچەندە ئامادەیی نیشان دا بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان.