عێراق و سووریا بە هەماهەنگیی ئەمریکا بۆریی کەرکووک-بانیاس نۆژەن دەکەنەوە

تۆما باڕاک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، رۆڵێکی میحوەری لە نزیککردنەوەی دیدگای هەردوو وڵات گێڕاوە. بڕیارە رۆژی دووشەممە، 13ـی تەممووز، لە چوارچێوەی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، رێککەوتننامەی نۆژەنکردنەوەی هێڵەکە بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی سووریا واژۆ بکرێت. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە گرژییەکانی ناوچەکە و مەترسیی پەککەوتنی هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی گەرووی هورمزەوە کە 95%ـی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت، پێویستییەکی مێژوویی بۆ دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە دروست کردووە.

وائیل ئەلزەیت، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریکا - سووریا بە پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتنی رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا سەرنجی زیاتر لە 40 کۆمپانیای ئەمریکامان راکێشاوە کە حەز دەکەن لە سووریا وەبەرهێنان بکەن. کۆمپانیاکان لەبواری وزە، بانک و کشتوکاڵی دان. هێشتا زۆر زووە و ئاڵنگەری زۆریش هەن، بەڵام ئێمە مەیلێکی گەورە لە کۆمپانیاکان بۆ سووریا دەبینین کە بازاڕێکی گرنگە بۆیان. پێشتر تەنانەت هەر بیر لەوە نەدەکریاوە لەوێ وەبەرهێنان بکرێت، بەڵام ئێستا وەک موعجیزەیەکی بچووک سەیری دەکرێت. کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەرفەتەکان دەبینن لە بواری بنیاتنانەوە، داتا و زانیاری، لە بواری وزە، نەوت و گاز و کەرتی میوانداری."

هەروەها چارلس لیستەر، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دەستپێشخەری سووریا لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی ئەو سزایەی سەر دیمەشق بە کوردستان24ی گوت: "حکوومەتی ئەمریکا بە ئاشکرا داوا لە کۆمپانیاکانی دەکات وەبەرهێنان لە سووریادا بکەن. بەڵام لەڕووی کردارییەوە ڕاستییەکە ئەوەیە کە حکوومەتی ئەمریکا هێشتا سووریای لە وڵاتی سپۆنسەری تیرۆر دەرنەهێناوە کە سزایەکی یاساییە لە سەردەمی رژێمی ئەسەد سەپێنراوە.

ئاماژەشی دا، هەتاوەکو ئەو سزایە بمێنێت، رێگەیەکی سەرکەوتوو لەبەردەم کۆمپانیاکانی ئەمریکادا نییە وەبەرهێنان لە سووریادا بکەن. بۆیە حکوومەتی ئەمریکا ئێستا بە دوو زمانی جیاواز قسە دەکات. من هەندێک هەواڵی هاندەر لەملا و لەولا دەبیستم کە ئەو سزایە لادەبرێت، هەر کە ئەوە کرا، بەشداربوونی زیاتر دەبینن لەڕووی وەبەرهێنانی راستەقینە."

هاوکات دانیا ئەڕەیسی، بەڕێوەبەری پرۆگرام لە پەیمانگەی نیولاین قسەی بۆ کوردستان24 کرد و گوتی: "هەڵکەوتەی شوێنی ستراتیژی سووریا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و هەروەها ئەو نەوت و گازەی کە سووریا هەیەتی و بەکارنەهاتووە گرنگترین شتە. بۆیە پێم وایە هەبوونی ئەو شوێنە ستراتیژییە و هەبوونی سەرچاوە سرووشتییەکانی نەوت و گاز و سەرچاوەی دیکە وڵاتەکەی خستووەتە پێگەیەک کە بەڕاستی سوود لەو وەبەرهێنانە وەربگرێت. سووریا دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە ناوەندێکی وەبەرهێنان بۆ وزە."

هەروەها نزار خەیروڵڵا، باڵیۆزی عێراق لە ئەمریکا لەبارەی گفتوگۆکانی نۆژەنکردنەوەی بۆریی کەرکووک - بانیاس لە گوتارێکیدا کە لەلایەن پەیمانگەی نیولاین بۆ سێمیناری ساڵانەی 'دەستپێشخەری فۆر سیس' (Four Seas) بانگهێشت کرابوو ئاماژەی بەوە دا "ساڵی رابردوو شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی دیمەشقیان کرد و پێشنیازی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکەیان خستە بەردەم حکوومەتی سووریا."

خەیروڵڵا گوتیشی "پلانەکە گۆڕینی تەواوی هێڵەکەیە کە توانای هەناردەکردن بۆ یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاد بکات بەشێوەیەک کە بتوانێت نەوتی کێڵگەکانی باشووری عێراقیش لە رێگەی بۆرییەکەوە هەناردەی بازاڕەکان بکرێت."

محەمەد یاسر، وەزیری دارایی سووریا لەبارەی کارەکانی پرۆژەکە پێشتر لە واشنتن بە کوردستان24ی راگەیاندبوو "گفتوگۆی بەردەوام لەنێوان هەردوو حکوومەت هەیە و بەرەوپێشچوونیش بەدی دەکرێت. پرۆژەکە بەرژەوەندی دوولایەنەی هەردوو وڵاتی تێدایە. گەشبینین کە شتەکان زۆر بەخێرایی دەچنە پێش و قازانج بە عێراق و سووریا دەگەیێنێت. عێراق و سووریا پەرۆشن بە گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانیان کە لە بەرژەوەندی هەردوولا دایە. هیوام وایە لە مانگ و ساڵانی داهاتوو بەرەوپێشچوونی زیاتر ببینم."

پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن ئاماژەی داوە، بەرپرسانی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بە گەشبینییەوە لە داهاتووی سووریا دەڕوانن بەتایبەت پێیان وایە حکوومەتی ئێستای سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع بە ئاراستەی دروست هەنگاو دەنێت بۆیە زۆربەی سزاکانیشیان لەسەر لابردوون. هاوکات پێشیان وایە سووریا هاوشێوەی تورکیا لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە سەنتەرێکی گرنگی گواستنەوەی وزە.

تۆم باراک چەندجارێک لە دیمانە و پانێڵەکاندا ئاماژەی بەوە داوە و پێی وایە هێڵە بۆرییە نەوتییەکان وەبەرهێنانێکی سەرکەوتوو نین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکارە سەرەکییەکەش بۆ مەترسیی ئەمنی، گرژییە جیۆپۆڵیتیکییەکان، زیادبوونی تێچوو، جۆری گرێبەستەکان و زیادبوونی خواست لەسەر وزە بەرەوامەکان دەگەڕێنێتەوە. بەڵام لە بابەتی نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک - بانیاس پێدەچێت ئەو کۆمپانیایانەی بڕیارە بۆرییەکە نۆژەن بکەنەوە کە کۆمپانیای ئەمریکیشی لەنێو دایە گەرەنتی پاراستنی وەبەرهێنانیان لە واشنتن وەرگرتبێت

بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس درێژییەکەی 800 کیلۆمەترە، لە کەرکووک بەرەو شاری بانیاسی کەنار دەریا لە ڕۆژئاوای سووریا درێژدەبێتەوە. بۆرییەکە لەلایەن کۆمپانیای بریتش پێترۆڵییەم لە ساڵی 1952 تەواو کرا و توانای گواستنەوەی 300 هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەیە. لە شەڕی عێراق و ئێران لە 1988-1980 حکوومەتی عێراق تاکلایەنە هەناردەی نەوتی لە رێگەی بۆرییەکە راگرت بەهۆی لایەنگیری حکوومەتی سووریا بۆ ئێران. بۆرییەکە لە شەڕی پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003 و دواتریش بەهۆی داگیرییەکانی داعش لە عێراق و سووریا لەنێوان ساڵانی 2017-2014، زیانی زۆری پێ گەیشتووە بۆیە نۆژەنکردنەوەکەی بەپێی خەمڵاندنەکان سەرووی هەشت ملیار دۆلاری تێدەچێت، کە پێویستی بە تانکی کۆگاکردنی نەوت، پەمپ و سیستەمی کارەبایی هەیە، تانەنات باس لەوە دەکرێت کە تەواوی بۆرییەکە پێویستی بە گۆڕان هەیە و تەواوکردنیشی دوو بۆ سێ ساڵ دەخایەنێت.

لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە 8ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 و گرتنی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرع، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سووریا بەرەو ئاساییبوونەوە چوون تەنانەت ئەمریکا زۆربەی سزاکانی سەر دیمەشقی هەڵگرتن. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە هەڵگرتنی سزاکان دەرفەتی بە سووریا داوە خۆی بینیاتبنێتەوە.

ئەگەرچی هێشتا متمانەیەکی زۆر لەلایەن وەبەرهێنەرانی بیانی دروست نەبووە سەرمایەکانیان بگوازنەوە سووریا. دۆخی ئەمنی و لاوازی سیستەمی بانکی لەو وڵاتەدا دوو لە بەربەستە گەورەکانن، بەڵام ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - سووریا دامەزراوە و کارئاسانی بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکات.

لە ساڵی رابردووەوە ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکا گرێبەستی وەبەرهێنانیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا واژۆ کردووە. لەڕووی وزەوە، کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک شێڤرۆن و کۆنۆکۆفلیپس رێککەوتنی بەدواگەڕانی نەوت و بەرهەمهێنانیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا واژۆکردووە. کۆمپانیای هەنت ئۆیڵ لە گفتوگۆدایە. کۆمپانیای گەڵف ساندیش چاوی لەوەیە بگەڕێتەوە سەر کارەکانی پێشووی. بەپێی شرۆڤەکاران، گرژییە جیۆپۆڵیتییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەوروپا، دۆخێکی بۆ سووریا دروستکردووە ببێتە چەقی گواستنەوەی وزە.

دوایەمین بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەمریکا، هەوڵەکانی دەرهێنانی سووریایە لە لیستی سپۆنسەری تیرۆر کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 1979 بەسەر رژێمی ئەسەد سەپاندوویەتی. لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە 8ـی ئەم مانگە کە لە ئەنقەرەی تورکیا بەڕێوەچوو، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند سووریا لەو لیستە دەردەهێنن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا ئیدارەی ترەمپ پێشوەختە کۆنگرێسی لە دەرهێنانی سووریا لە لیستی وڵاتانی سپۆنسەری تیرۆر ئاگادارکردووەتەوە. بەر لە بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ، ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێس لەنێویاندا سێناتۆر وارێن ئیلیزابێت و سێناتۆر کریس ڤان هۆڵن، سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیەک بوون بۆ دەرهێنانی سووریا لە لیستی سپۆنسەری تیرۆر ئەوەش بۆئەوەی کۆمپانیا ئەمریکی و نێودەوڵەتییەکان بتوانن بێ هیچ کێشەیەک وەبەرهێنان لە سووریادا بکەن.