ئێران وڵاتانی کەنداو بۆردومان دەکات
دوای داخستنی گەرووی هورمز تاران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر وڵاتانی دراوسێی لە کەنداو، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا کە دوای بە ئامانجگرتنی کەشتییەکی بازرگانی لەلایەن ئێرانەوە هاتبوو.
لە شارەکانی قەتەر، ئیمارات و بەحرەین دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە و تەقینەوە بیستراوە، لە کاتێکدا ئیمارات و قەتەر رایانگەیاندووە، توانیویانە هێرشە مووشەکییەکان تێکبشکێنن. ئەم پەرەسەندنانە هەڕەشە لەو رێککەوتنە کاتییە دەکەن کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بوو بەو جەنگە لە مانگی شوباتی رابردووەوە بەهۆی کوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردبوو.
لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند؛ گەرووی هورمز تا کاتێکی نادیار و تا کۆتاییهاتنی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا بە داخراوی دەمێنێتەوە. هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد، وەک وەڵامدانەوەیەک، بە مووشەکی بالیستی و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و وێستگەکانی رادار لە ئوردن، کوەیت، بەحرەین و قەتەر.
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، هێرشی کردووەتە سەر ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای پاسداران تەقەیان لە کەشتییەکی بازرگانی کردبوو بە پاساوی ئەوەی رێڕەوێکی رێپێنەدراوی بەکارهێناوە. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەنگی تەقینەوە لە بەندەر عەباس، سیریک، جاسک، دوورگەی قشم و پارێزگای خوزستان بیستراوە، بەڵام ئاماژەیان بە زیانی گیانی نەکردووە.
لەلایەکی دیکەوە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند؛ بە فەرمانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، نزیکەی 140ئامانجی سەربازییان لەناو ئێران پێکاوە. لە لایەکی دیکەوە، پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، رایگەیاند؛ ئێران هەڵەیەکی خراپی کرد و ئێستا باجەکەی دەدات.