سوپای پاسداران بە ئامانجگرتنی دووەم کەشتی لە گەرووی هورمز راگەیاند
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرای کرد، هێزە دەریاییەکانیان توانیویانە لە ناوچەی ستراتیژیی گەرووی هورمز، دووەم کەشتی بازرگانی بە ئامانج بگرن.
سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا، کە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە: "کەشتییەکی دیکەیان بەهۆی پێشێلکردنی یاسا و رێسا کارپێکراوەکانی گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوەی کردووە، بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان لە وڵاتی قەتەر بۆردومان کردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پەرەسەندنی مەترسیداری ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.
دوای ئەوەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، رایگەیاند؛ 140 هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی ئێران، تێیدا فڕۆکە جەنگییەکان لە بنکە زەمینی و دەریاییەکانەوە بەشدارییان کردووە، لەگەڵ بەکارهێنانی درۆن و کەشتییە جەنگییەکان کە تەقەمەنی ورد و پێشکەوتوویان بۆ پێکانی ئامانجەکان بەکارھێناوە. ئەوەش وەک تۆڵەیەک بۆ ئەو هێرشەی کردبوویە سەر کەشتییەکی بازرگانی.
سوپای پاسدارانی ئێران تا کاتێکی نادیار گەرووی هورمزی داخست و هێرشی کردە سەر چەند بنکەیەکی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو لەوانەش؛ کوەیت، قەتەر، بەحرەین و ئیمارات.
سوپای پاسدارانی ئێران ئەم هێرشانە لە تۆلەی ئەو 140 هێرشەی ئەمریکا بۆ سەر خاکەکی ناوبرد، کاتژمێر 7:34 خولەکی بەرەبەیان لە گەرووی هورمز دووبارە هێرشی کردەوە سەر کەشتییەکی بازرگانی کە لە رێرەوە ئاوەییەکانی گەرووەکە دەیویست تێپەڕێت.