میری پێشووی قەتەر کۆچی دوایی کرد
دیوانی میری قەتەر رایگەیاند، شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، میری پێشووی قەتەر و باوکی میری ئێستا کۆچی دوایی کرد.
دیوانی میری قەتەر ئەمڕۆ یەکشەممە، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "سەرکردەی گەورەی میللەت، میر شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 27ـی موحەڕەمی ساڵی 1448ـی کۆچی، کە دەکاتە 12ـی تەممووزی 2026، لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد".
حەمەد بن خەلیفە ئال سانی لە ساڵی 1952 لەدایک بووە و لە ساڵی 1995 دەسەڵاتی گرتە دەست، بە یەکێک لە تەلارسازەکانی قەتەری مۆدێرن دادەنرێت، دوای ئەوەی وڵاتەکەی بە قۆناخێکی گەشەسەندنی خێرای ئابووریدا بردووە.
هەروەها لە رۆژی 25ـی حوزەیرانی 2013، گواستنەوەی دەسەڵاتەکەی بۆ کوڕەکەی، میری ئێستای قەتەر تەمیم بن حەمەد ئال سانی راگەیاند.
کودەتای سپی
گەییشتنی شێخ حەمەد بن خەلیفە، میری پێشووی دەوڵەتی قەتەر بۆ سەر دەسەڵات لە رێگەی کودەتا بەسەر باوکیدا (شێخ خەلیفە) شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو، چونکە زۆربەی ئەوانەی پێش ئەویش بە هەمان رێگەدا گەییشتبوونە دەسەڵات.
کۆتا دیمەنی شێخ خەلیفە وەک فەرمانڕەوای قەتەر لە فڕۆکەخانەی دەوحەدا بوو، کاتێک ماڵاوایی لە بەرپرسانی وڵاتەکەی دەکرد و بەرەو سویسرا بەڕێدەکەوت بۆ بەسەربردنی پشووەکەی، ماڵاواییکردنی شێخ خەلیفە بن حەمەد و کوڕەکەی شێخ حەمەد کە جێنشینی بوو لە فڕۆکەخانە زۆر ئاسایی و بێ گرژی دیار بوو.
بەڵام هەر کە شێخ خەلیفە دەوحەی جێهێشت، شێخ حەمەد دەستبەجێ دەستی بە جێبەجێکردنی پلانەکەی کرد؛ فەرمانی بە هێزەکان کرد کە کۆنترۆڵی کۆشکی میری و فڕۆکەخانە بکەن و تانەکەکان لە شەقامەکانی دەوحەدا بڵاوکرانەوە، دوای ئەوە، شێخ حەمەد پەیوەندی بە باوکیەوە دەکات بۆ ئەوەی پێی بڵێت کە کارەکە کۆتایی هاتووە، باوکیشی لەبەرامبەردا تەلەفۆنەکەی بەسەردا دادەخاتەوە.
سەبارەت بەم گۆڕانکارییە خێرایە، د. مەروان ئیسکەندەر، راوێژکاری دارایی پێشووی شێخ حەمەد ئاماژە بەوە دەکات، کودەتاکە زۆر ئاسان بوو؛ چونکە لە قەتەر سوپایەکی گەورە نەبوو و ئەمینداریش پاسەوانی زۆری لەدەور نەبوو. لە هەمان کاتدا نووسینگەی جێنشین تەنها 15 مەتر لە نووسینگەی میرەوە دوور بوو؛ بۆیە تەنها ئەوە مابووەوە شێخ حەمەد لە نووسینگەی باوکیدا دابنیشێت، پاسەوانی پێویست بۆ خۆی دابنێت و بە باوکی رابگەیەنێت کە دەبێت لە دەرەوەی وڵات بمێنێتەوە.
دواتر و لە رێگەی گوتارێکی تەلەفزیۆنییەوە، شێخ حەمەد خۆی وەک فەرمانڕەوای نوێی قەتەر ناساند و دوای ماوەیەکی کورت، تەلەفزیۆنی فەرمی قەتەر دیمەنی ئەندامانی بنەماڵەی "ئال سانی" و خەڵکی بڵاوکردەوە کە بەیعەتیان بە میرە نوێیەکە دەدا.
لەلایەکی دیکەوە، خالید هێل، گوتەبێژی فەرمی ئۆپۆزسیۆنی قەتەر، ئەو بۆچوونە رەت دەکاتەوە کە دەڵێت، گەلی قەتەر زۆر دڵخۆش بوون بەم گۆڕانکارییە. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە %90ـی ئەو خەڵکەی ئەو سەردەمە جەختیان کردووەتەوە، کە بەیعەتدانەکە بێ ئاگاداری پێشوەختەی ئەوان بووە؛ چونکە دەسەڵاتداران شەقامەکانی دەوحەیان داخستبوو و ئاراستەی هاتوچۆی خەڵکیان بەرەو دیوانی میری گۆڕیبوو، خەڵکەکەش بەبێ ئەوەی بزانن لەڕاستیدا چی روودەدات چوونە ژوورەوە و خۆیان لە دۆخێکدا بینییەوە کە ناچار کرابوون بەیعەت بە شێخ حەمەد بدەن، چونکە تەواوی جڵەوی دەسەڵات و هێز لەو ساتەدا لەژێر دەستی میرە نوێیەکەدا بوو.
هەوڵی کودەتای پێچەوانە
لە شوباتی 1996، هەوڵێکی کودەتا شکستی هێنا کە ئامانجی گەڕاندنەوەی شێخ خەلیفە بن حەمەد بوو بۆ دەسەڵات، لەلایەن ئەفسەران و لایەنگرانی دڵسۆزی میرە لادراوەکەوە سەرکردایەتی دەکرا.
هەروەها حوکمڕانی شێخ حەمەد بن خەلیفە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی لە 25ـی حوزەیرانی 2013 بە شێوازێکی ئاشتییانە دەسەڵاتی بۆ بەرژەوەندی کوڕەکەی میری ئێستا، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی بەجێهێشت.