لە ئاکرێ بە تۆمەتی راوکردنی ماسی 10 کەس دەستگیرکران
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی سامانی ماسی و ژینگەی ناوچەکە، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئازادی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئاکرێ، سەرکەوتووبوون لە دەستگیرکردنی گرووپێکی سەرپێچیکار.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، لە راگەیەندراوێکدا راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم رایگەیاند؛ لە ئەنجامی چاودێرییەکی ورد و ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانی لە خاڵی (باکرمان)، مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان توانییان 10 هاووڵاتی دەستبەسەر بکەن. ناوبراوان بە شێوەیەکی نایاسایی و بە بەکارهێنانی ماددەی ژەهراوی خەریکی راوکردنی ماسی بوون، کە ئەمەش زیانێکی گەورە بە ژینگەی ئاوی ناوچەکە دەگەیەنێت.
دوای دەستگیرکردنیان، دەستبەجێ پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ تۆمەتباران کرایەوە و رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاکرێ کران. پاشان بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، هەر 10 تۆمەتبارەکە بەندکران بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و سزادانیان بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکان.