هەرێمی کوردستان؛ ناوەندێکی سەقامگیر بۆ کار و ژیانی هەزاران هاووڵاتیی بیانی
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنێکی لەبار بۆ هەزاران هاووڵاتیی بیانی کە بە مەبەستی کار و ژیان سەردانیان کردووە، بە جۆرێک زۆربەیان وەک ماڵی دووەمی خۆیان تەماشای دەکەن و ئاماژە بە بەهێزیی ئاستی سەقامگیری و هێمنی ناوچەکە دەکەن.
بۆ زۆرێک لە هاووڵاتییانی بیانی، نیشتمان تەنیا ئەو شوێنە نییە کە تێیدا لەدایکبوون، بەڵکو ئەو شوێنەیە کە تێیدا هەستی ئارامی و ژیانکردنیان پێدەبەخشێت.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، هەرێمی کوردستان بۆ هەزاران هاووڵاتیی بیانی کە لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە هاتوون، لە ژینگەیەکی غەریبەوە بووەتە ماڵ و وێستگەی دووەمی ژیانیان.
ئەنجێلۆ جیانینۆ، هاووڵاتییەکی بیانی نیشتەجێی هەولێرە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی خۆی و دەڵێت: "کاتێک لە رێگەی هاوڕێیەکمەوە پێشنیاری کارم بۆ کرا و هاتمە ئێرە، زانیاریم لەسەر کوردستان و هەولێر نەبوو و تەنیا وەک تاقیکردنەوەیەک سەیرم دەکرد. بەڵام دوای ئەوەی لێرە نیشتەجێ بووم، بۆم دەرکەوت کە ژینگەیەکی زۆر سەقامگیرە و خەڵکەکەی زۆر بەڕێز و میواندۆستن".
جیانینۆ پێشکەوتنی خێرای تەلارسازی لە چەند ساڵی رابردوودا بە سەرنجڕاکێش ناو دەبات و دەشڵێت: "لە رووی سەقامگیرییەوە، هەولێر پێموایە یەکێکە لە ئارامترین ئەو شوێنانەی کە بینیبێتم، لێرەدا بەیانیانی زوو یان درەنگانی شەو هیچ هەستێکی کێشە یان نائارامیم بۆ دروست نابێت، بە پێچەوانەی چەندین پایتەختی گەورەی ئەوروپا وەک لەندەن کە هەندێک جار مرۆڤ هەست بەو ئاستە لە ئارامی ناکات."
لەلایەکی دیکەوە، سۆفیا بڕاون، کە ماوەی 5 ساڵە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، ئەزموونی کارکردنی ئافرەتانی بیانی لەم ژینگەیەدا بە "سەقامگیر و پارێزراو" وەسف دەکات. ئاماژە بەوە دەکات، "کە هیچ جۆرە ترسێکی نییە کاتێک لە درەنگانی شەودا دەگەڕێتەوە ماڵەکەی و هەولێر شارێکی زۆر جوانە، خەڵکەکەی دۆستانە رەفتار دەکەن و من چێژ لە کارکردن لێرە دەبینم."
هاوکات ساڤاش ئۆزباشی، هاووڵاتییەکی دیکەی بیانی کە پێنج ساڵە لێرە دەژێت، باس لە گۆڕانی تێڕوانینی خۆی دەکات پێش هاتنی بۆ هەرێمی کوردستان و روونی دەکاتەوە: "لە رێگەی هەواڵەکانەوە وا نیشان دەدرا کە ئێرە ناوچەیەکی مەترسیدارە، بەڵام کاتێک بە واقیعی هاتمە ئێرە هەموو شتێک جیاواز بوو. ئێرە ناوچەیەکی زۆر ئارامە و هەر بۆیە من ئێرەم بۆ بژێوی و کارکردنم هەڵبژارد."
رەیوو ئەلۆلا، کە ماوەی 15 ساڵە لە هەولێر دەژی، سەرنج بۆ گۆڕانکارییە مێژووییەکان دەکێشێت و دەڵێت: "من کۆن لێرەم و کولتور و خەڵکی کوردستانم زۆر خۆشدەوێت. ئەو گۆڕانکاری و گەشەکردنە خێرایەی لەم چەند ساڵەی دواییدا لە کوردستان روویداوە زۆر گەورە و بەرچاوە."
سەرەڕای جیاوازی نەتەوە و زمانەکانیان، شایەتحاڵی ئەم هاووڵاتییە بیانییانە نیشانەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان هاوتەریب لەگەڵ دابینکردنی هەلی کار، توانیویەتی مۆدێلێکی سەرکەوتووی پێکەوەژیان و دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ هێزی کاری نێودەوڵەتی بخاتە روو.