زیاتر لە 90%ـی پڕۆژەکانی رێگاوبانی دێرەلووک تەواو کران
ناحیەی دێرەلووک لە سنووری قەزای ئامێدی وەرچەرخانێکی گەورەی لە کەرتی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەدا بەخۆوە دەبینێت. بەپێی نوێترین ئامارەکان، زیاتر لە 90%ی پڕۆژەکانی رێگاوبان لەم ناحیەیە کۆتاییان هاتووە، کە تێیدا جەخت لەسەر بنبڕکردنی کێشەی هاتوچۆی دانیشتووانی ناوەند و گوندەکانی دەڤەرەکە کراوەتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە جیاوازەکان، توانیویەتی زۆربەی هەرە زۆری رێگاکانی ناحیەی دێرەلووک بە شێوازی قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردن تەواو بکات.
رێبەر سدیق، بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی دێرەلووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، تەنیا رێژەیەکی زۆر کەمی کۆڵانەکان ماون کە هێشتا ئاوەدان نەکراونەتەوە یان لە قۆناخی خانووبەرە دروستکردندان، ئەگینا تەواوی رێگا سەرەکی و ناوخۆییەکان جێبەجێ کراون.
دانیشتووانی دێرەلووک و گوندە دەوروبەرەکانی، بە خۆشحاڵییەوە باس لەم گۆڕانکارییانە دەکەن. هاونیشتمانیانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەدەن، جاران لە وەرزی زستاندا بەدەست قوڕولیتە و لە هاوینانیشدا بەدەست تۆز و خۆڵەوە دەناڵاند، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم رێگا مۆدێرنانەوە، هاتووچۆکردنیان زۆر ئاسان بووە و ئاستی بژێوییان بەرەو باشتربوون چووە.
ئەم پڕۆژانە بەشێکن لە پلانێکی فراوانتر کە پارێزگای دهۆک و قەزای ئامێدی گرتووەتەوە. لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 70 ملیار دیناری عێراقی بۆ پەرەپێدانی کەرتی ڕێگاوبان لە سنووری قەزای ئامێدی خەرج کردووە. ئەم وەبەرهێنانە گەورەیە بووەتە هۆی ئەوەی کە ناحیەی دێرەلووک وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکەدا دەربکەوێت.
جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە بە کوالێتییەکی بەرز، نیشانەی سووربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو ناوچەکان، بەتایبەت ئەو دەڤەرانەی کە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییانەوە پێویستییان بە ئاوڕدانەوەی زیاتر هەیە.