کاتز: سوپاکەمان ئامادەکارییەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران تەواو کردووە

یەسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل
یەسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی فەرمانی پێگەیشتووە خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سەربەخۆ لەنێو خاکی ئێران ئامادە بکات و لە ئێستادا لەوپەڕی ئامادەباشیدان.

یەسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا سەبارەت بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی گەرووی هورمز، باسی لە ئامادەکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بەرانبەر بە ئێران کرد.

 وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هەر کات و ساتێکدا بێت ئەوان بۆ رووبەڕووبوونەوە ئامادەن. 

ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای وڵاتەکەی فەرمانی راستەوخۆی لەلایەن سەرۆکوەزیران و خودی وەزیری بەرگرییەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سەربەخۆی ئیسرائیلی لەنێو خاکی ئێران ئامادە بکات بەبێ بەشداریی ئەمریکا. 

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوەش کردەوە، سوپاکەیان ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە و ئێستا سوپا تامەزرۆی گەڕانەوەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی.

لە 28ی شوباتی ئەمساڵ، ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیان نایە قۆناخێکی یەکجار مەترسیدارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل بە هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئاسمانی و سەربازییان دژی ئێران دەستپێکرد. 

ئەم شەڕە گەورەیە دوای چەندین ساڵ لە ململانێی دیپلۆماسی و گرژیی بەردەوام لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە سەری هەڵدا.

لە یەکەمین رۆژی هێرشەکاندا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە سەدان مووشەک بۆردومانی ئامانجە ستراتیژییەکانیان لە نێو خاکی ئێران کرد. لە ئەنجامی ئەم گورزە کتوپڕەدا، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران کوژران.

 ئامانجی سەرەکیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەم جەنگەدا بریتی بوو لە وێرانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، تێکشکاندنی توانای مووشەکیی تاران، لەناوبردنی هێزی دەریایی ئێران.

لەلایەکی دیکەوە، ئێران و گرووپە چەکدارەکانی بێدەنگ نەبوون و وەڵامێکی قورسیان دایەوە. تاران بە سەدان مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و چەندین ئامانجی نێو ئیسرائیل. 

هاوکات بۆ زیانگەیاندن بە ئابووریی جیهان و دروستکردنی فشار، ئێران هاتوچۆی بازرگانیی لە گەرووی هورمز ئاڵۆز کرد و چەندین کەشتیی کردە ئامانج، ئەمەش وای کرد نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.