ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو هۆشداری دەداتە ئێران
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنەکە لە راگەیەندراوێکدا، هۆشداریی توندی دا لە دووبارەبوونەوەی هێرش و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی تاران بۆ سەر وڵاتانی ئیمارات، بەحرەین، عومان، قەتەر، کوەیت و ئوردن.
هاوكات لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکە جەخت لەوە کرایەوە، هێرش و دەستدرێژییە مەترسیدارەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆش بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی و رەوتی ئابووری و بازرگانی جیهانی دروست دەکات.
هێزەکانی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، هێرشی کردە سەر ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای پاسداران تەقەیان لە کەشتییەکی بازرگانی کردبوو بە پاساوی ئەوەی رێڕەوێکی رێپێنەدراوی بەکارهێناوە.
لەلایەکی دیکەوە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، نزیکەی 140 ئامانجی سەربازییان لەناو ئێران پێکاوە. لە لایەکی دیکەوە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، رایگەیاند، ئێران هەڵەیەکی خراپی کرد و ئێستا باجەکەی دەدات.