عومان بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد
وەزارەتی دەرەوەی عومان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026 رایگەیاند، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە مەسقەت بانگهێشت کردووە، بەمەبەستی رادەستکردنی یاداشتێکی توندی ناڕەزایەتی، ئەمەش دوای ئەوەی چەند پێگەیەکی ناوخۆیی وڵاتەکە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرانە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی عومان لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە رێگەی ئەم یاداشتەوە نیگەرانی و ناڕەزایەتی قووڵی خۆیان بە باڵیۆزی ئێران گەیاندووە بەرامبەر بەو کارە نابەرپرسانەیە، هەروەها عومان جەختی لە سەر "پێویستی پابەندبوون بە بنەماکانی سەروەریی دەوڵەتان و هاوسێیەتی باش" کردووەتەوە.
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە هێرشێکی کتوپڕدا، چەند ناوەندێکی لۆجستی ئەمریکییان بۆ پاڵپشتیکردنی کەشتییەکان لە بەندەری "دوقم" لە عومان تێکشکاندووە.
هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای پاسداران و سوپای ئێران لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر چەندین بنکە و بەرژەوەندیی ئەمریکا لە وڵاتانی ئیمارات، قەتەر، کوێت، بەحرەین، ئوردن و عومان.
هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، نزیکەی 140 ئامانجی سەربازییان لەناو ئێران پێکاوە. لە لایەکی دیکەوە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، رایگەیاند، ئێران هەڵەیەکی خراپی کرد و ئێستا باجەکەی دەدات.