سێنتکۆم: گەرووی هورمز لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندا نییە
سێنتکۆم رایگەیاند، گەرووی هورمز وەک رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی بە کراوەیی دەمێنێتەوە و جەختی کردەوە، ئێران هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەر هاتوچۆی کەشتییەکاندا نییە. هێزەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدەن، لە ئامادەباشی تەواودان بۆ گەرەنتیی ئازادیی دەریاوانی و بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و "شەڕەنگێزییەکی" تاران.
یەکشەممە 12ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا پەردەی لەسەر ئامارەکانی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز لادا و رایگەیاند، ئەم رێڕەوە ئاوییە بە رووی هەموو ئەو کەشتییانەدا کراوەیە کە بە شێوەیەکی یاسایی هاتوچۆ دەکەن. سێنتکۆم دەڵێت: "ئێران کۆنتڕۆڵی ئەم رێڕەوە نێودەوڵەتییەی لەدەستدا نییە کە شادەماری گواستنەوەی کاڵا و وزەیە بۆ جیهان."
بەپێی زانیارییەکانی فەرماندەیی ناوەندی، هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا کارئاسانییان بۆ تێپەڕبوونی زیاتر لە 800 کەشتیی بازرگانی و 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو کردووە. تەنیا لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 140 کەشتی بەبێ گوێدان بە هەڕەشەکانی ئێران لە گەرووەکە تێپەڕیون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە جێگیر کراون و ئامادەن بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە بەرامبەر "هەراسانکردن، هەڕەشە و بڕیارە ئارەزوومەندانەکانی ئێران". دووپاتی دەکاتەوە، رێگە نادات هیچ لایەنێک ئاسایشی وزەی جیهانی و ئازادیی هاتوچۆی دەریایی بخاتە مەترسییەوە و ئێستا جووڵەی بازرگانی لە گەرووەکە بە شێوەیەکی سروشتی بەردەوامە.
هەر ئەمڕۆ هێزی دەریایی سوپای پاسداران، بڕیاری داخستنی گەرووی هورمزی تا کاتێکی نادیار راگەیاند. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، هێزە دەریاییەکانی ئێران تەقەی ئاگادارکردنەوەیان لە کەشتییەک کرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێنتکۆم ئاماژەی دابوو، 140 ئامانجی سەربازیی ئێران پێکاوە و تێیدا فڕۆکە جەنگییەکان لە بنکە زەمینی و دەریاییەکانەوە بەشدارییان کردووە، لەگەڵ بەکارهێنانی درۆن و کەشتییە جەنگییەکان کە چەکی ورد و پێشکەوتوویان بۆ پێکانی ئامانجەکان بەکارهێناوە.