ترەمپ: گەرووی هورمز کراوەیە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەرووی هورمز بە رووی جوڵەی کەشتیوانیدا کراوەیە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ بانگەشەکانی ئێران سەبارەت بە داخستنی ئەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە گرنگە.

یەکشەممە 12ـی تەمووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "گەرووی هورمز کراوەیە"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکا گورزی زۆر توندی لە ئێران وەشاندووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی کە لەم دواییانەدا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ئەنجام دراون.

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 140 کەشتی لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕیون، سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە، رەوتی کەشتیوانی بەردەوامە و گەرووەکە بە رووی هەموو ئەو کەشتیانەدا کراوەیە کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی یاسایی لەو رێڕەوە ئاوییە تێپەڕن.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانیان جێگیرکراون و لە ئامادەباشی تەواودان بۆ زامنکردنی بەردەوامیی ئازادیی کەشتیوانی، سەرەڕای رەفتارە دوژمنکارییە بێ پاساوەکانی ئێران.

لە بەرامبەردا، دەستەی ئێرانی بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز رایگەیاند، لە ئێستادا تێپەڕبوون لە گەرووەکەدا مەحاڵە، تاران هۆکاری ئەمە بۆ جموجۆڵە نایاساییەکانی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، داواکارییەکانی تێپەڕبوون پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و تەنیا کاتێک مۆڵەتی پێویست دەدرێت کە سەقامگیری و هێمنی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.