رووبەری زەوییە ئاودێرییەکانی عێراق زیاتر لە 70% کەمی کردووە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق راپۆرتێکی نیگەرانکەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی سەرچاوە ئاوییەکان، رووبەری ئەو زەوییانەی لە وڵاتدا ئاودێری دەکران بە رێژەی زیاتر لە 70% داکشاوە.

یەکشەممە 12ـی تەمووزی 2026، مەهدی جبوری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق رووبەڕووی ئەڵەنگارییەکی گەورە بووەتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمیی بارانبارین و کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پلانە کشتوکاڵییەکان هەبووە."

بەپێی گوتەکانی جبوری، ئەو رووبەرە زەوییانەی پێشتر بە رێگا کۆنەکان ئاودێری دەکران، لە 6 ملیۆن دۆنمەوە بۆ 5 ملیۆن و دواتر بۆ تەنیا 2 ملیۆن دۆنم دابەزیون، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی کۆگای ستراتیژیی ئاوی وڵات.

هاوکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە، وەزارەتی کشتوکاڵ پەنای بۆ سیستەمی ئاودێریی مۆدێرن (دڵۆپاندن و باراندن) بردووە کە پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن، لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەت گرێبەستی بۆ کڕینی زیاتر لە 13 هەزار سیستەمی ئاودێریی پێشکەوتوو لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2025 واژۆ کردووە.

حکومەتی عێراق بۆ هاندانی جووتیاران، ئەم سیستەمانە بە پاڵپشتییەکی دارایی کە دەگاتە 30% ی نرخەکەیان دابین دەکات، بە شێوەیەک کە ساڵی یەکەم وەک ماوەی لێخۆشبوون هەژمار دەکرێت و بڕە پارەی ماوەش بە قیستی 10 ساڵە وەردەگیرێتەوە.

سەرەڕای وشکەساڵی، بریکاری وەزارەت ئاماژەی بەوە کرد، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ وایکردووە عێراق بۆ چوارەم ساڵ لەسەر یەک لە بەرهەمهێنانی "گەنم" بگاتە خۆبژێوی و پێویستی بە هاوردەکردنی دەرەکی نەمێنێت، هەروەها عێراق دەستی کردووە بە هەناردەکردنی هەندێک بەرهەم بۆ دەرەوەی وڵات.

ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن، عێراق ساڵانە پێویستی بە 70 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا 53 ملیار مەتر سێجای لەبەردەستدایە، ئەم کورتهێنانە گەورەیە بووەتە هۆی زیادبوونی رێژەی بیابانبوون و لەدەستدانی بەشێکی زۆری زەوییە بەپیتەکان بەهۆی خوێڵاوبوون و وشکبوونی خاک.

لە کۆتاییدا، حکوومەتی عێراق پلانی هەیە لە ساڵانی داهاتوودا وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراکدا بگەیەنێتە 250 ملیار دۆلار، بە مەبەستی زامنکردنی ئاسایشی خۆراک و گۆڕینی کشتوکاڵ بۆ کەرتێکی ئابووریی بەردەوام کە بتوانێت بەرگەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بگرێت.