دادوەریی عێراق: بەهەماهەنگیی هەرێمی کوردستان دۆسیەیەکی دیکەی گەندەڵی ئاشکرا کرا

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گێڕانەوەی سامانی گشتی و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی، ئەمڕۆ دووشەممە توانیویانە دەست بەسەر 375 کیلۆگرام زێڕدا بگرن کە پەیوەندی بە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوتەوە هەیە.

دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی رایگەیاند "بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایەق زێدان، بڕی 358کیلۆگرام زێڕ گێڕدراوەتەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد، لە دۆسیەیەکی تری لێکۆڵینەوەدا 17کیلۆگرامی تر دەستی بەسەردا گیراوە، بەمەش کۆی گشتی ئەو زێڕەی لەمڕۆدا پارێزگاری لێکراوە گەیشتووەتە 375 کیلۆگرام.

بەپێی راگەیەندراوەکە، تەواوی زێڕە گێڕدراوەکە رادەستی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دەرچوواندن و خەزێنە لە بانکی ناوەندیی عێراق کراوە. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان دێت لە دۆسیەی تۆمەتبار (عەدنان جومەیلی)، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگە، کە ئێستا راگیراوە.

دوای دەستگیرکردنی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان، عەدنان جومەیلی و  لێکۆڵینەوە لەگەڵی، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دژە گەندەڵی دەستی پێکرد و دەیان پەرلەمانتار و سەرۆک حزب و بەرپرسی تێوەگلاو لەگەندەڵی دەستگیرکران.

پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاشکرای کردبوو، کۆی گشتی ئەو پارانەی تا ئێستا لەم دۆسیەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە بەرزبووەتەوە بۆ  127 ملیار دیناری عێراقی و 24 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، هەروەها  ژمارەیەک خانوبەرە، ئۆتۆمبێل و زێڕیش دەستی بەسەردا گیراوە.