سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا

سوپای پاسدارانی ئێران زنجیرەیەک هێرشی نوێی بۆ سەر بنکە و شوێنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی بەحرەین، کوەیت و ئوردن کرد. ئەم هێرشە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە واشنتن کۆتاییهاتنی شەپۆلێکی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان راگەیاندبوو.

ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران ئیرنا ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردەوە، هێرشەکان بنکەی ئاسمانیی شازادە حەسەن لە ئوردن، سەنتەری فەرماندەیی درۆنەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و چەند بنکەیەکی دیکەیان گرتووەتەوە، کە بنکەی عەلی سالم لە کوەیت یەکێکیان بووە.

هەروەها میدیا ئێرانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە چوارچێوەی ئەوەی ناویان ناوە قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنە وەڵامدەرەوەکان، بنکەی ئاسمانیی شێخ عیسایان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.

سوپای پاسداران دەڵێت؛ هێرشەکەی سەر بنکەی شازادە حەسەن لە ئوردن لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە ئەنجامدراوە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگاکانی سووتەمەنی و چەک.

سوپای پاسداران جەختی کردەوە، ئەم هێرشانە وەک وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو پەلامارانەی ئەمریکا کە بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی کەناراوەکانی ئێرانیان کردبووە ئامانج، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان هێشتا بەردەوامن.

سوپای پاسداران رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان شەوی یەکشەممە دوو کەشتی دیکەیان لە گەرووی هورمز راگرتووە بەهۆی ئەوەی سەرپێچییان لە رێنماییەکان کردووە و ئامێرەکانی شوێنپێهەڵگرتنیان کوژاندووەتەوە، کە ئەمەش بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی لەقەڵەم دراوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر ناسنامە و رەگەزنامەی ئەو کەشتیانە نەخراوەتە روو.

لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین داوای لە هاوڵاتییان و دانیشتووان کردووە دەستبەجێ بچنە نزیکترین شوێنی ئارام، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ دووەمجار لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە. هەرچەندە بەرپرسانی بەحرەین هێشتا زیانەکانیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام رایانگەیاندووە؛ بەرگرییە ئاسمانییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشەکان بەردەوامن.

لای خۆشییەوە سوپای کووەیت رایگەیاندووە، ئێستا بەرپەرچی چەند ئامانجێکی ئاسمانیی دوژمنکارانە دەداتەوە و ئەو دەنگی تەقینەوانەی بیستراون لە ئەنجامی تێکشکاندنی ئەو ئامانجانە بووە لە ئاسماندا.