قەرەباڵخترین بەلەمی کۆچبەران گەیشتە کەناراوەکانی بەریتانیا
لە رووداوێکی بێپێشینەدا 128 کۆچبەر لەسەر یەک بەلەم لە کەناڵی ئینگلیزەوە گەیشتنە بەریتانیا، وەزارەتی ناوخۆش هۆشداری لە زیادبوونی مەترسییەکان دەدات.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، تەنیا رۆژی هەینیی رابردوو، 10ـی تەممووزی 2026، 225 کۆچبەری نایاسایی لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. لەو ژمارەیە 128 کۆچبەر لەسەر یەک بەلەم بوون، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا باسی لەوەش کردووە، گواستنەوەی 128 کەس لەسەر یەک بەلەم بە قاچاخ لە رێگەی دەریاوە نیشانەیەکی پڕمەترسییە بۆ ئارەزووی گرووپە قاچاخچییەکان لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و خستنەمەترسیی ژیانیان تەنیا لە پێناو دەستکەوتی داراییدا.
دەربارەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە دەڵێت، تاوەکو مانگی 7ی ئەمساڵ 11888 کۆچبەری نایاسایی هاتوونەتە بەریتانیاوە، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە 41% کەمیکردووە.
ئەم ژمارە نوێیەی گواستنەوەی کۆچبەران کە لە رۆژی هەینیی رابردوو تۆمار کراوە، پێشتر گەورەترین ژمارەی پەڕینەوەی کۆچبەران لەسەر یەک بەلەم 125 کەس بوو لە مانگی 9ی ساڵی 2025دا. هەر لەو رۆژەدا بە گشتی 225 کۆچبەر لە رێگەی سێ بەلەمی جیاوازەوە گەیشتنە بەریتانیا.
لە مانگی چواری ئەمساڵدا، بەریتانیا رێککەوتنێکی نوێی سێ ساڵەی لەگەڵ فەرەنسا واژۆ کرد بۆ زیادکردنی هێزەکانی پۆلیس لەسەر کەناراوەکانی فەرەنسا بە مەبەستی رێگریکردن لە پەڕینەوەی کۆچبەران. حکوومەتی بەریتانیا بەردەوام جەخت لە نەهێشتنی گرووپە قاچاخچییەکان و وەستاندنی بەلەمە بچووکەکان دەکاتەوە.