تانکەر تراکەرز: 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لە ناو تانکەرەکاندا گیری خواردووە

ماڵپەڕی نێودەوڵەتیی "تانکەر تراکەرز" بۆ چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییەکان ئاشکرای کرد کە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا مانگێک پێش وادەی دیاریکراو، گەمارۆکانیان بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران گەڕاندووەتەوە؛ ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی پەکخستنی هەناردەکردنی 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێران کە ئێستا لە ناو تانکەرە دەریاییەکاندا گیری خواردووە.

دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، ماڵپەڕی تانکەر تراکەرز (TankerTrackers)ی نێودەوڵەتی، کە تایبەتە بە چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، ئاشکرای کرد کە تەنیا 26 رۆژ دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی 60 رۆژەی نێوان واشنتن و تاران، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا زووتر لە کاتی دیاریکراو گەمارۆکانیان بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران گەڕاندووەتەوە. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی پەکخستنی هەناردەی 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران کە هێشتا لە ناو سنووری گەمارۆکەدایە.

بەپێی راپۆرتێکی تانکەر تراکەرز، لەو ماوە کورتەی کە یاداشتی ئیسلام ئاباد لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا کارا بووە، تاران توانیویەتی زیاتر لە 80 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە پاڵاوتاوەکانی بۆ دەرەوەی ناوچەکە هەناردە بکات. بەهای ئەم بڕە نەوتە هەناردەکراوە بە زیاتر لە 6 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەڵام ئێستا کە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا مانگێک پێش وادەی خۆی گەمارۆکانیان جێگیر کردووەتەوە، دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ئامارەکان دەریدەخەن کە نزیکەی 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێران، کە بڕیار بوو هەناردە بکرێت، ئێستا لە ناو تانکەرەکاندا گیری خواردووە و ناتوانن ناوچەکە جێبهێڵن.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە, ئەگەر ئێران بەهۆی ئەم گەمارۆ نوێیەوە ناچار بێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی کەم بکاتەوە، ئەوا ئێستا توانای کۆگاکردنی زیاتر لە 60 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەسەر ئاو لە ناوچەی گەمارۆکەدا هەیە تاوەکو وەک بەدیلێک بەکاری بهێنێت.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاوی کردەوە و تێیدا رایگەیاند، گەرووی ستراتیژیی هورمز بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام بەبێ بەشداریی ئێران. ترەمپ ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی بڕیاری داوە گەمارۆیی دەریایی بەسەر ئێران لە گەرووەکە جێبەجێ بکات، کە ئامانج لێی رێگریکردنی تەنیا کەشتییەکانی ئێران و کڕیارەکانیانە لە چوونەژوورەوە یان چوونەدەرەوە.

هەروەها فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکاوە ( سێنتکۆم ) رایگەیاندووە، "ئێستا کار دەکەین بۆ داڕشتنی وردەکارییەکان و هەماهەنگی پێویست بۆ دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا و درەنگانی ئەمڕۆ دەست بە جێبەجێکردنی گەمارۆکە دەکەین و کاتە ورد و دیاریکراوەکەی رادەگەیەنین.