ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئەمریکا لە جەنگی ئێران بەرزبووەوە
ئاژانسی هەواڵی "ئاسۆشیەیتد پرێس" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ژمارەی کوژراوانی سەربازانی ئەمریکا لە جەنگی ئێراندا گەیشتووەتە 14 کەس، ئەم گۆڕانکارییە نوێیە دوای ئەوە هات کە فڕۆکەوانێکی هێزی دەریایی ئەمریکا بەهۆی تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەی لە ئاوەکانی کەنداودا گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، پننتاگۆن لە مانگی تەممووزدا تەنیا یەک حاڵەتی گیانلەدەستدانی تۆمارکردووە کە پەیوەندی بە جەنگی راستەوخۆوە نەبووە، ئەمەش یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدانە لە دوای کوژرانی 13 سەربازی دیکە لە رووداوەکانی رابردوودا.
ئاسۆشیەیتد پرێس ئاماژەی بەوە کردووە تا دوێنێ دووشەممە، ژمارەی سەربازە بریندارەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە 414 کەس، لە نێویاندا ئەندامێکی هێزی ئاسمانی ئەمریکا هەیە کە ناوی خراوەتە لیستی بریندارەکانەوە.
کاپتن تیم هۆکینز، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، زۆرینەی بریندارەکان تووشی "برینی مێشک" بوونەتەوە، سەبارەت بە تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەش کە لە 1ـی تەممووزدا روویدا، هێزی دەریایی ئەمریکا لە سەرەتادا رووداوەکەی بە تەکنیکی وەسف کرد و جەختی کردەوە، هیچ ئاماژەیەک نییە رووداوەکە لە ئەنجامی کردەوەی سەربازی بووبێت، لەو رووداوەشدا سێ ئەندامی دیکەی دەستەی فڕۆکەوانیی هێلیکۆپتەرەکە لە کاتێکی کورتدا رزگار کران.
ئاژانسی ئاسۆشیەیتد پرێس تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە "برینی مێشک" بووەتە یەکێک لە کێشە هەرە بەردەوام و سەرەکییەکانی نێو سەربازان، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە نزیکەوە رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و تەقینەوە دەبنەوە.
برینی مێشک وەک نەخۆشی دڵەڕاوکێ، لە دیارترین ئەو نەخۆشیانەن کە لە دوای 11ـی سێپتەمبەرەوە بەرۆکی سەربازانی ئەمریکای گرتووە.
سەبارەت بە نوێترین زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستی ئەو سەربازانەی کە بە سەختی بریندار بوون، رائید ئێما تۆمپسن، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، رایگەیاند، هیچ زانیارییەکی نوێ لەو بارەیەوە لەبەردەستدا نییە.