باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیمارات کارەکانی تا کاتێکی نادیار راگرت

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەبوزەبی و کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە دوبەی، سەرجەم وادەی چاوپێکەوتنەکانی کونسوڵگەرییەکانیان لە 13 تا 15ـی تەممووز راگرت، ئەمەش بەهۆی گرژی دۆخی ئەمنی ناوچەکەیە لە کەنداو.

لە راگەیەندراوێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەبوزەبی دا هاتووە، رێکارەکە بریتی بووە لە هەڵوەشاندنەوەی کاتەکانی چاوپێکەوتن بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی، لەگەڵ داواکارییەکان، کە نابێت لەو ماوەیەدا بچنە بارەگای باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە، بەڵکو دواتر ستافی کونسوڵگەریی کاتەکانی چاوپێکەوتنیان بۆ دەگۆڕن.

هەروەها جەختیشی کردووەتەوە، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە دۆخی "فەرمانی جێهێشتن"دا دەمێننەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو کارمەندانەی حکوومەتی ئەمریکا کە کارەکانیان زۆر پێویست و سەرەکی نییە، بۆ دەرەوەی ئیمارات گواستراونەتەوە. لە ئەنجامی ئەمەشدا، تەنها هاوکارییەکی کونسوڵگەریی سنووردار بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی لەبەردەستدایە.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەموو خزمەتگوزارییە رۆتینییەکانی ڤیزای ئەمریکا لە ئیمارات راگیراوان، بەبێ ئەوەی وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەیان دیاری بکرێت .

ئەم کارەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەبوزەبی، دوایین ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان و کاریگەرییە راستەوخۆکانیان لەسەر ئۆپەراسیۆنە دیپلۆماسی و کونسوڵگەرییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو .