عەبوودی: بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ، پێویستمان بە هاندانی وەبەرهێنانە
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، ئامانجی سەردانەکەیان بۆ واشنتن گۆڕینی پەیوەندییەکانە لە بواری ئەمنییەوە بۆ ئابووری و دەیانەوێت لەرێگەی راکێشانی وەبەرهێنانەوە قەرەبووی زیانەکانی جەنگ بکەنەوە.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن، رایگەیاند، سەردانەکەیان بۆ ئەمریکا لە کاتێکدایە عێراق هەوڵ دەدات هاوبەشێکی کاریگەر بێت، لەبەرئەوەی پەیوەندیی ئابووری بنەمای پەیوەندییەکی باشە لەگەڵ وڵاتە کاریگەرەکانی جیهان، بەتایبەتی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق باسی لەوەش کرد، مانەوەی پەیوەندییەکانیان تەنیا لە بواری ئەمنیدا، مانەوەیە لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا، بۆیە لەم قۆناخەدا ئابووری شێوەی پەیوەندییەکان دیاری دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەبوودی روونیکردەوە، عێراق هاوبەشێكی کارای وڵاتانە، بەڵام پێویستیان بە هاندانی وەبەرهێنانە بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو زیانانە بکەنەوە کە لەم دواییەدا بەهۆی جەنگەوە دروستبوون، چونکە عێراق یەک سەرچاوەی داهاتی هەیە و کاریگەریی قەیرانەکانی بە خێرایی لەسەر دەردەکەوێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا، رۆژی دووشەممە، 13ـی تەممووز، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا سەردانی واشنتنی کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە.
بڕیارە چەندین لێکتێگەیشتن لە سێکتەرەکانی نەوت و گازدا واژۆ بکرێن بۆ راکێشانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ هەناردەکردن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواوەتی بە داهاتی یەک سەرچاوە و خۆپاراستن لە کاریگەرییەکانی ململانێ و جەنگەکانی ناوچەکە.
ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیی زەیدییە بۆ ئەمریکا لەوەتەی بووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بووە.