ئەحمەدینەژاد: دەنگۆی سیخوڕیکردن بۆ مۆساد بێ بنەمان

مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران
مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران

مەحموود ئەحمەدینەژاد رەتیدەکاتەوە سیخوڕی دەزگای هەواڵگریی "مۆساد" بووبێت، هاوکات دەنگۆی خستنەژێر مانەوەی زۆرەملێش بە درۆدەخاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، لە راگەیەنراوێکدا راپۆرتێکی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمریکی رەتکردەوە. 

 رۆژنامەکە رایگەیاندبوو، دەزگای هەواڵگریی "مۆساد"ـی ئیسرائیلی هەوڵی داوە ئەحمەدینەژاد وەک سەرچاوەیەکی هەواڵگیری بەکاربهێنێت و دوای ئاشکرابوونی، ئێستا لەژێر مانەوەی زۆرەملێدایە.

لە راگەیەنراوەکەدا، نووسینگەی ئەحمەدینەژاد سەرلەبەری ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە و جەختی کردووەتەوە، ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە، چەواشەکردنی رای گشتی و زیاترکردنی دووبەرەکییە لە ناوخۆی ئێران. 

نووسینگەکە دەنگۆی خستنەژێر مانەوەی زۆرەملێی ئەحمەدینەژادیشی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو بانگەشەیە تەنیا بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسە بێماناکانی رۆژنامەکەیە و بەتوندی رەتی دەکەنەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو، لە چەند ساڵی رابردوودا مۆساد هەوڵیداوە ئەحمەدینەژاد رازی بکات بۆ ئەوەی هاوکاریی ئیسرائیل بکات، وەک کاندیدێکی گونجاویش بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران سەیریان کردووە.

 راپۆرتەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵێکی گەورەتری ئیسرائیل بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران، ئەمەش دوای هێرشە سەرەتاییەکانی بۆ سەر سەرکردە باڵاکانی ئەو وڵاتە.

بەپێی قسەی بەرپرسانی ئەمریکا لە راپۆرتەکەدا، ئیسرائیل بە نهێنی پارەی نیشتەجێبوون و گەشتەکانی ئەحمەدینەژادی داوە و بریکارەکانی ئیسرائیل چەندین جار لە دەرەوەی وڵات چاویان پێی کەوتووە، لەوانەش لە کاتی سەردانەکانیدا بۆ بوداپێست. 

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵەکان لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات و لە رۆژانی سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە لووتکە، ئەوکاتەی هەواڵگریی ئیسرائیل هەوڵیداوە ئەحمەدینەژاد لە تاران بهێنێتە دەرەوە وەک بەشێک لە پیلانێک بۆ رووخاندنی حکوومەتی ئێران و دانانی وەک سەرکردەی وڵات. 

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، رۆژی 28ـی شوبات هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل کراوەتە سەر کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئەحمەدینەژاد و باڵەخانەی پاسەوانەکانی و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکەی پێکراون.

 پاشان ئۆتۆمبێلێکی رەشی جۆری "پیجۆ" دوای هێرشەکە گەیشتووەتە شوێنەکە و سەرۆککۆماری پێشووی هەڵگرتووە و بردوویەتی بۆ ماڵێکی نهێنی و پارێزراو لە ناوخۆی ئێران. رۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن بریکارەکانی مۆسادەوە شۆفێریی کراوە.

مەحموود ئەحمەدینەژاد لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2013 پۆستی سەرۆککۆماری ئێرانی بەڕێوەبردووە، هەفتەی رابردووش بەشداریی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، ئەمەش یەکەمین دەرکەوتنی گشتیی بوو دوای دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.