ترەمپ: وڵاتانی کەنداو ملیاران دۆلار لە ناوخۆی ئەمریکادا وەبەرهێنان دەکەن

سەرۆکی ئەمریکا، ڕاگەیاند، بڕیاری دا ئەو باجە 20%ـەی کە پێشتر بەسەر کەشتییەکاندا سەپاندبووی هەڵبوەشێنێتەوە و لە بەرامبەردا رێککەوتنی وەبەرهێنانی مێژوویی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو واژۆ بکات. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بە توندی بەردەوام دەبێت.

سێشەممە 14ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس رایگەیاند، بەهۆی هێزی ناوازەی سوپای ئەمریکاوە، ئێستا گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکە بە شێوەیەکی بێپێشینە بەردەوامە. ترەمپ دەستخۆشیی تایبەتی لە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ و دان کاین، سوپاسالار و براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم کرد بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە گەرووی هورمز کرد.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی یەکجار بەرهەمدار لەگەڵ سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیاری داوە باجی 20%ـی ئەمریکا وەک قەرەبووی پاراستنی گەرووەکە لاببات. لە جیاتی ئەوە، وڵاتانی کەنداو رەزامەندییان نیشانداوە بە ئەنجامدانی وەبەرهێنانی زەبەلاح و ملیار دۆلاری لە ناوخۆی ئەمریکادا. ترەمپ گوتی: "ئەم وەبەرهێنانە مێژووییانە دەبنە هۆی بنیاتنانی کارگە و دابینکردنی ملیۆنان هەلی کار بۆ ئەمریکییەکان."

سەرەڕای کارئاسانی بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، ترەمپ جەختی کردەوە، گەرووی هورمز بەڕووی ئێراندا بە داخراوی دەمێنێتەوە. گوتیشی: "ئێمە گەمارۆیەکی تەواوەتی دەخەینە سەر هەموو ئەو کەشتییانەی لە بەندەرەکانی ئێرانەوە دێن یان دەچن، یان هەر جۆرە بارێکی ئێرانییان هەڵگرتبێت." ترەمپ هۆکاری ئەم توندییەی بۆ سەرکردایەتییە خراپی ئێران گەڕاندەوە کە وڵاتەکەیان بەرەو وێرانبوونی تەواوەتی دەبەن.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، سەردەمی کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵک و 52 هەزار خۆپیشاندەر لەلایەن ئێرانەوە کۆتایی هاتووە. سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی یەکلاکەرەوەی ئاراستەی جیهان کرد و گوتی: "گرنگترین شت ئەوەیە، ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

دوێنێ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاوی کردەوە و تێیدا بڕیاری دابوو گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە ئێرانییەکان و کڕیارەکانیاندا دابخات. ترەمپ, ویلایەتە یەکگرتووەکانی وەک "پاسەوانی گەرووی هورمز" ناساند و رایگەیاندبوو بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئەم رێڕەوە، بە رێژەی 20% قەرەبوو لە کەشتییەکانی گەرووی هورمز وەردەگرین.

لە بەرانبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاندبوو، تاران لەگەڵ پرەنسیپی وەرگرتنی "قەرەبوو" دایە بۆ پاراستنی گەرووی هورمز، بەڵام جەختی کردەوە کە ئێران "پاسەوانی هەتاهەتایی" گەرووەکەیە نەک ئەمریکا. عێراقچی باجی 20%ـی ئەمریکای بە زۆر وەسف کرد و بەڵێنی نرخێکی گونجاوتر و دادپەروەرانەی دا.