دەستەی دەستپاکیی عێراق هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییان

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق هۆشداری توند دەداتە ئەو کەسانەی هەوڵ دەدەن هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بۆ مەرامی تایبەتی و "سەرانەسەندن" لە هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران بەکاربهێنن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی تەممووزی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەموو ئەو رێکار و ئۆپەراسیۆنە جۆراوجۆرانەی لە بەغدا و پارێزگاکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی ماڵی گشتیی ئەنجامی دەدەن، بەپێی نوسراوە یاساییەکان و لەژێر چاودێری و فەرمانی دەسەڵاتی دادوەریدان.

دەستەی دەستپاکی داوا لە دامەزراوە فەرمییەکان، وەبەرهێنەران و هاووڵاتییان دەکات، "دڵنیابنەوە لە ناسنامەی ئەو کەسانەی پەیوەندییان پێوە دەکەن، چونکە هەندێک کەس بەناوی کارمەندی دەستەی دەستپاکی، هەوڵ دەدەن هەڵمەتەکانی ئێستا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن و بە مەبەستی چاوترسێنکردن، سەودا و مامەڵە بە هاووڵاتییانەوە بکەن."

هەروەها دەستەکە داوا دەکات "بە هیچ شێوەیەک وەڵامی ئەو کەسانە نەدرێتەوە کە لە دەرەوەی ڕێکارە فەرمییەکان پەیوەندی دەکەن و بانگەشەی کارکردن لە دەستەکە دەکەن."

هاوکات راگەیەندراوەکەدا، دەستەی دەسپاکی داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە، بە زووترین کات پەیوەندی بە ژمارەی بێبەرامبەری (154)ـەوە بکەن، تاوەکو ئەو سەرانەستێنانە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەستگیر بکرێن.

لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی ئاسایش و دەزگای دژەتیرۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بەناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان" دەست پێ کرد.

هەروەها لەم هەڵمەتەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و کەسایەتیی سیاسی دەستگیر کران.