عێراق سزا بەسەر تۆڕە داراییەکانی پەیوەست بە حزبوڵڵای لوبنانیدا دەسەپێنێت
بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەریخستووە، کە نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر چەندین کەسایەتیی سیاسی و کۆمپانیای بازرگانی، کارگێڕی و تەکنەلۆجی لە عێراق، لوبنان، سووریا و عوماندا سەپاندووە؛ ئەمەش بە تۆمەتی پێشکەشکردنی هاوکاریی لۆجیستی و دابینکردنی دارایی دەرەوازەیی بۆ حزبوڵڵای لوبنانی و تۆڕەکانی سەر بە رێکخراوی داعش.
بە پێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەرچوو لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کە گشتاندنێکی فەرمی ئاڕاستەی سەرجەم بانکەکان، فەرمانگەکان و کۆمپانیاکان کراوە، بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کە تۆڕەکانی دابینکردنی دارایی داعش و چەندین کەسایەتی و کۆمپانیای هاوکاریی حزبوڵڵای لوبنانی گرتووەتەوە.
سەرەتای بڕیارەکە پاڵپشتە بە نووسراوەکانی فەرمانگەی کاروباری ئەمریکای سەر بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە رێکەوتی 30ـی حوزەیرانی 2026، کە تێیدا راگەیەندراوە، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا سزای بەسەر 3 کەسایەتی و 6 قەوارە لە ئەوروپا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقادا سەپاندووە بەهۆی ئاسانکاریی گواستنەوەی پارە بۆ رێکخراوی داعش.
هاوکات لیستێکی نوێی سزاکان بەسەر چەندین کەسایەتیی دیاری لوبنانی و قەوارەی بازرگانی بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی دارایی حزبوڵڵا لەژێر فەرمانی جێبەجێکاریی ژمارە (13224)ـی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر راگەیەندراوە.
کەسایەتییە سزادراوەکان:
سلێمان ئەنتوان فرەنجییە، سەرۆکی رەوتی مەڕەدەی لوبنانی؛ تۆمەتبار کراوە بە هەبوونی پەیوەندیی نزیک لەگەڵ حزبوڵڵا و قۆستنەوەی پێگەی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی دارایی کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گرووپەکە دەکەن.
مەحموود قەماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حزبوڵڵای لوبنان.
وائل قوستەنتین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "ئەلشەفا" لە بەغدا، کە هاوکاریی تۆڕە داراییەکانی عەلا حەسەن حەمەیەی کردووە.
کۆمپانیا و قەوارە سزادراوەکان:
کۆمپانیای ئەلشەفا بۆ خزمەتگوزارییە کارگێڕییەکان؛ ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی 2025 لە بەغدا تۆمار کراوە، کە وەک رووکارێکی کارگێڕی و بازرگانی بۆ پاڵپشتیکردنی ژێرخانی ئابووریی حزبوڵڵا بەکارهێنراوە.
کۆمپانیای گڵۆب تەکنەلۆجی پرۆڤایدەرز؛ کۆمپانیایەکی لوبنانییە لە کەرتی تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکان کار دەکات؛ لەلایەن ئەمریکاوە وەک یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی تۆڕی عەلا حەسەن حەمەیە بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی بازرگانی و تەکنیکی بە حزبوڵڵا دەستنیشان کراوە.
کۆمپانیای گڵۆب ئینتەرناشناڵ؛ ئەو کۆمپانیایە لە سەڵتەنەتی عومان تۆمارکراوە؛ وەک درێژکراوەیەکی کۆمپانیای "گڵۆب" کار دەکات بۆ ئاسانکاریی چالاکییە بازرگانی و داراییە فرە سنوورەکان لە بەرژەوەندیی حزبوڵڵا.
کۆمپانیای عەهد بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان؛ کۆمپانیایەکی سوورییە و بەشدارە لە دابینکردنی پشتگیریی ئابووری بۆ تۆڕە بازرگانییەکانی حزبوڵڵا.
کۆمپانیای تایک؛ کۆمپانیایەکی لوبنانییە لە بواری بازرگانیی کۆدا کار دەکات و لە لایەن محەمەد حەسەن حەمەیەوە بەڕێوەدەبرێت؛ قازانجەکانی ئەم کۆمپانیایە بۆ دابینکردنی داهاتی دارایی بۆ حزبەکە بەکارهاتوون.
بەڵگەنامەکان سێ خاڵی سەرەکی وەک دەرهاوێشتەی یاسایی سزاکان دیاریی دەکەن:
-بلۆککردنی سەرجەم ئەو دارایی و موڵکانەی دەکەونە ژێر دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریکاوە.
-قەدەغەکردنی هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ سزادراوان لەلایەن کەس و دامەزراوە ئەمریکییەکان یان ئەو لایەنانەی ملکەچی یاساکانی ئەمریکان.
ئەگەری سەپاندنی سزای لاوەکی لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەسەر ئەو دامەزراوە داراییە بیانییانەی کە بە شێوازی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئاسانکاری بۆ مامەڵە داراییەکانی ئەم کەس و کۆمپانیایانە دەکەن.