ئیسرائیل یاسای قەدەخەی دەستگیرکردنی حەرێدیمەکانی هەڵپەسارد
دادگای باڵای ئیسرائیل بڕیارێکی کاتی بۆ هەڵپەساردنی ئەو یاسایە دەکرد، کە سێشەممە لەلایەن پەرلەمانەوە (کنێسێت) پەسەند کراوە، یاساکە تایبەتە بە رێگری لە دەستگیرکردنی (حەرێدیمەکان)، ئەو جووە توندڕەوانەی لە خزمەتی سەربازیی ناچاری رادەکەن.
چوارشەممە 15ـی تەمووزی 2026، بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، دادگای باڵا رایگەیاندووە، یاسای راگرتنی دەستگیرکردنی قوتابیانی ئایینی هەڵاتوو لە خزمەت ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تا ئەو کاتەی دادگا بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە دەدات.
لەمبارەیەوە، دادوەرەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم یاسایە دژی پرەنسیپەکانی یەکسانییە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و هانی زیاتری گەنجان دەدات بۆ راکردن لە ئەرکی سەربازی.
ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە دێت، رۆژی سێشەممە، کنێسێت بە زۆرینەی 58 دەنگ بەرامبەر 54 دەنگ یاساکەی پەسەند کرد، لە کاتێکدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە دانیشتنەکەدا ئامادە نەبوو.
دادوەر عوفر گرۆسکۆف داوای لە حکوومەت کردووە، روونکردنەوە بدات کە بۆچی یاساکە هەڵناوەشێنرێتەوە، بە تایبەت چەندین سکاڵا لە دژی تۆمارکراوە بە تۆمەتی جیاکاری چونکە یاساکە پارێزبەندی دەداتە حەرێدیمەکان، بەڵام رێگە دەدات کەسانی دیکە لەسەر هەمان هۆکار دەستگیر بکرێن.
یاساکە، کە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ راگرتنی دڵی لایەنە ئاینییەکان وەسف دەکرێت، پارێزبەندی دەداتە دەیان هەزار حەرێدیم و رێگری دەکات لە دەستگیرکردنیان تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2027، هەروەها رێکارە یاساییەکانی ئێستا لە دژیان رادەگرێت.
لای خۆیانەوە، ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ناتانیاهۆ تۆمەتبار دەکەن بەوەی ئەم یاسایەی بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی حەرێدیمەکان لە هاوپەیمانێتییەکەیدا تێپەڕاندووە، بەتایبەت بەرەو هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2023.
لە رووی سەربازییەوە، بەرپرسانی باڵای سوپای ئیسرائیل رەخنەی توندیان لە یاساکە گرتووە، ئیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپا، رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە نادادپەروەرانەیە و بە تەواوی دژی پێداویستییەکانی سوپایە.
بەگوێرەی ئامارەکان، 72 هەزار گەنجی حەرێدیم لە تەمەنی سەربازیدان و سوپاش لە ئێستادا پێویستییەکی بەپەلەی بە 12 هەزار سەربازی نوێ هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە چەندین بەرەی جیاوازدا.