مەسرور بارزانی بەشداریی لە پرسەی میری پێشووی قەتەر دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە رێوڕەسمی پرسەی میری پێشووی قەتەری کرد و، بە ناوی خۆی و حکوومەتەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی میری قەتەر، بنەماڵەکەیان و گەلی ئەو وڵاتە کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەوحەی پایتەختى قهتهر، بەشداریی لە رێوڕەسمی پرسەی شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، میری پێشووی قەتەری کرد و له لايهن شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری ئەو وڵاتە پێشوازیی لێ كرا.
ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، مەسرور بارزانی، بە ناوی خۆی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی میری دەوڵەتی قەتەر و بنەماڵەکەیان و گەلی وڵاتەکەی کرد.
هاوکات مەسرور بارزانی، هيواى خواست خوای مەزن گيانى کۆچکردوو بە بەهەشت شاد بکات و ئارامى و دڵنهوايى بە هەمووان ببەخشێت.
لە بەرانبەردا میری قەتەر، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوخەمی و بەشداریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەکەیاندا دەربڕی.
میر شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، لە بەرەبەیانی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
حەمەد بن خەلیفە ئال سانی لە ساڵی 1952 لەدایک بووە و لە ساڵی 1995 دەسەڵاتی گرتە دەست، بە یەکێک لە تەلارسازەکانی قەتەری مۆدێرن دادەنرێت، دوای ئەوەی وڵاتەکەی بە قۆناخێکی گەشەسەندنی خێرای ئابووریدا بردووە.
هەورەها ساڵی 2013 بە ویستی خۆی دەسەڵاتی رادەستی شێخ تەمیم بن حەمەدی کوڕی کرد.


