سێنتکۆم: پاراستنی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی ئامانجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانمانە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ئەو دەنگۆیانەی میدیای فەرمیی ئێرانی رەتکردەوە کە باسیان لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر کۆگایەکی مەدەنیی گەنم لە شاری هوەیزە دەکرد و، جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکانی رۆژی 14ـی تەممووز تەنیا ئامانجە سەربازییەکانی تارانیان پێکاوە بە مەبەستی پاراستنی هێڵەکانی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.

چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو چەواشەکارییانەی لە لایەن میدیای فەرمیی ئێرانەوە بڵاو دەکرێنەوە سەبارەت بە گوایە هێرشکردنە سەر کۆگایەکی مەدەنیی گەنم لە شاری هوەیزە لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و هەواڵێکی هەڵبەستراون.

فەرماندەییەکە ئاشکرای کرد، لە رۆژی 14ـی تەممووزدا، هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی وردیان دژی ئامانجە سەربازییەکانی ئێران لە: بەندەر عەباس، خۆرموج، ئەهواز، قشم، تونب، بوشەهر و کێوی ستاک ئەنجامداوە. ئامانج لەم هێرشانە تەنیا پەکخستن و لاوازکردنی توانای هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا.

سێنتکۆم دەڵێت: خودی ئێران پێشتر چەندین جار هاووڵاتییانی مەدەنیی بێتاوانی لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمز و لە وڵاتانی دەوروبەری کەنداو کردووەتە ئامانج.

باسی لەوەش کرد، لە کاتی دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا لە ماوەی 17 کاتژمێری ڕابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا رێگەیان بە دوو کەشتیی بازرگانی گۆڕیوە کە هەوڵیان دابوو گەمارۆ دەریاییەکە بشکێنن و بچنە ناو بەندەرەکانەوە.

فەرماندەییەکە دووپاتی کردەوە، کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشی و چاودێریی بەردەوامدان و ئامادەن بۆ گرتنەبەری سەرجەم رێکارە پێویستەکان بە مەبەستی زامنکردنی پابەندبوونی تەواو بە بڕیاری گەمارۆکەوە و پاراستنی ئاسایشی ئاوە نێودەوڵەتییەکان.