گەرمیان.. زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرا
ئەمڕۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان دەستیپێکرد و لە قۆناخی یەکەمدا نۆ هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی تەممووزی 2026، هەرێم جاف پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەرسێ شارۆچکەی کەلار، کفری و رزگاری چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لەم قۆناخەدا نۆ هەزار پارچە زەوی ئامادەکراون کە بەم شێوەیەی خوارەوە بەسەر سوودمەندبوواندا دابەش دەکرێن:
ناوەندی کەلار: 5 هەزار پارچە زەوی.
شارۆچکەی کفری: 2 هەزار و 260 پارچە زەوی.
شارۆچکەی ڕزگاری: نزیکەی 2 هەزار پارچە زەوی.
ئەو هاووڵاتییانەی لەم پڕۆسەیەدا سوودمەند دەبن، پێکهاتوون لە فەرمانبەرانی شارستانی و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان، کە مەرجەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەیانگرێتەوە. سەرەکیترین مەرجیش ئەوەیە کە پێشتر بە هیچ شێوەیەک لە وەرگرتنی زەوی یان خانوو سوودمەند نەبووبن.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.