چیرۆکی مێرخاس دۆسکی لە کرێکارییەوە بەرەو مۆندیال
مێرخاس دۆسکی: 6 ساڵ لەمەوبەر کرێکاریم دەکرد، هەرگیز بڕوام نەدەکرد رۆژێکدا بێت بەشداریی مۆندیال بکەم
بەیانیان لە باڵەخانەکان کرێکاری دەکرد، ئێوارانیش بە جەستەیەکی هیلاکەوە لەگەڵ یانەکەی خەریکی مەشق و راهێنان بوو، شەوانیش لە کۆڵان و شەقامەکان دەستی بەراکردن و وەرزشی زیاتر دەکرد، ئەم هەموو زەحمەتییە بێ بەرهەم نەبوو، دوای 40 ساڵ عێراقی گەڕاندەوە و مۆندیال و ئێستاش ئەو کورە کوردە دەیەوێت یانەکەی بگەڕێنێتەوە چامپیۆنزلیگ.
مێرخاس دۆسکی، شەش ساڵ لەمەوبەر لە ئەڵمانیا کرێکاری دەکرد، هەر وەکو خۆی دەڵێت هەرگیز بە خەیاڵی دا نەهاتووە رۆژێکدا بێت لە مۆندیال یاری بکات، بەڵام دواتر بەشداری لە مۆندیال کرد و رووبەڕووی ئێرلینگ هالاند و کیلیان ئێمباپێ و عوسمان دێمبێلی بووە، بە ئاستە بەرزەکەشی سەرنجی دونیای بۆخۆی راکێشا.
مێرخاس دۆسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ لایڤسپۆرت زیپراڤی چیکی وەڵامی 10 پرسیاری دایەوە.
دوای مۆندیال پشووەکانتان چۆن تێپەڕ کرد؟
مێرخاس دۆسکی: دوای مۆندیال نزیکەی 10 ڕۆژ لەگەڵ هاوڕێیەکانم لە تۆرۆنتۆ ماینەوە، ڕۆژی یەکەم زۆر نائومێد بووین، بەڵام دوای هەفتەیەک ئەنجامەکانی مۆندیالمان لەبیر کرد و بە باشی پشووم وەرگرت و بە دڵخۆشی ئەمریکامان جێهێشت و گەڕاینەوە".
بۆ نائومێدبوون، لە کاتێکدا دەبوو دڵخۆشبان چونکە عێراق دوای 40 گەڕایەوە مۆندیال؟
مێرخاس دۆسکی: سەرکەوتن بۆ مۆندیال ئەزموونێکی سەرسوڕهێنەر بوو، بەڵام دەمەێت ڕاستگۆبم ئەنجامەکان زۆر دڵتەنگ و بێهیوای کردم، چونکە من یاریزانێکم هەمیشە ئاواتی بەرز و گەورەم هەیە، زیاتر شێوازی شکستەکانمان ئازاری دام، چونکە لە هەر سێ یارییەکە هەڵەی تاکەکەسیمان کرد و دیاریمان دەبەخشییە یاریزانانی بەرامبەر، بۆیە ئەم هەڵانە منی نائومێد کرد، بەڵام کاتێک ئاوڕێک لە دواوە دەدەمەوە بێگومان یاریکردن بەرامبەر ئەو هەموو ئەستێرانەی جیهان زۆر سەرسوڕهێنەر بوو، زۆر چێژم لێ وەرگرت".
فەرەنسایەکی پڕ لە ئەستێرە و نەرویجێکی بەهێز لە کۆمەڵەکەتان هەبوو، یاریکردن بەرامبەر ئەو هەموو ئەستێرەیە قورس نەبوو؟
مێرخاس دۆسکی: کاتێک لە رێگەی شاشە و سکرینی تەلەڤزیۆن ئەستێرەکان دەبینی، رەنگە پێتوا بێت یاریکردن بەرامبەریان زۆر مەحاڵ و قورس بێت، بەڵام بۆ من زۆر ئاسایی بوو، لە نیوەی یەکەم بەرامبەر نەرویج و فەرەنسا یارییەکی باشمان کرد، بەڵام دواتر گۆڕا و بەهۆی هەڵەی تاکەکەسی یارییەکان بە قورس بەسەرماندا شکایەوە.
باسی باران و ڕەشەبا و وەستانی یارییەکەمان بۆ بکە؟
مێرخاس دۆسکی: یەکەمجار بوو رووبەڕووی دۆخێکی ناهەمواری کەشوهەوای لەمجۆرە ببینەوە، لە یارییەکەمان بەرامبەر فەرەنسا دوو کاتژمێر لە ژووری جلگۆڕین چاوەڕێ بووین، کاتێک چووینە دەرەوە بۆ ئەوەی خۆمان گەرم بکەینەوە، یاریگا پڕ بوو لە ئاو، لە یارییەکەش بینیتان هەڵەیەکمان کرد و فەرەنسا سوودی لێوەرگرت و پێشکەوت و یارییەکەمان دۆڕاند".
دوو کاتژمێر لە ژووری جلگۆڕین چیت کرد؟
مێرخاس دۆسکی: نوێنەرانی فیفا هەمیشە دەهاتنەژوورەوە و دەیانگوت دوای پانزە خولەک بانگتان دەکەین وەرنە دەرەوە، دواتر ڕەشەبایەکی دیکەی بەهێز هات و سەرلەنوێ یارییەکەمان دواخرایەوە، بەمجۆرە درێژەی کێشا و دوو کاتژمێر لە ژووری جلگۆڕین دانیشتین، هەندێک شێلانمان بۆ کرا، ساتێکی ناخۆش بوو، بەڵام دەبوو قبوڵی بکەین، چونکە هیچ رێگەچارەی دیکەمان نەبوو، فەرەنساش وەکو ئێمە دوو کاتژمێر چاوەڕێی کرد، بەڵام ئەو دوو کاتژمێرە بۆ ئێمە لە ژووری جلگۆڕین زۆر باش بوو، لە ڕووی دەروونییەوە خۆمان باشتر ئامادە کرد، بەڵام بەداخەوە کاتێک یارییەکە دەستی پێکرد گۆڵپارێزەکەمان هەڵەیەکی کرد و باجەکەمان بە قورسی دا.
هەر بەڕاست یاریکردن لە دژی ئێمباپێ و هاوڕێیەکانیم بۆ تۆ ئەوەندە ئاسایی بوو؟
مێرخاس دۆسکی: راستە ئەوان ئەستێرەی گەورەی جیهان بوون، کاتێک لە تیڤی سەیری ئاست و نماییشیان دەکەیت وا هەست دەکەیت هەموویان بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر بەربژێرن، عوسمان دێمبێلی زۆرترین جار لە لای من بوو، شەڕ و بەریەککەوتنی زۆرم لەگەڵیدا هەبوو، زۆریشم بری، ئەمە لەخۆباییبوون نییە من هیچ هەستم نەکرد بەرامبەر ئەستێرەکانی جیهان یاری دەکەم، وەکو یاریزانێکی ئاسایی دەهاتنە بەرچاوم.
یەکەمین گۆڵی نێودەوڵەتیت لە دژی ئیسپانیا بوو، چ هەستێکت هەبوو لەوکاتەدا؟
مێرخاس دۆسکی: بەرامبەر ئیسپانیا زۆر باش یاریمان کرد، خۆشبەختانە گۆڵم کرد، بەگشتی هەموومان باش بووین، دوای یارییەکە هاندەرانمان هەستێکی شێتانەیان لادروست بوو، چاوەڕوانییەکی زۆریان لە ئێمە هەبوو، ئەوەندە گەرم ببوون پێیانوابوو عێراق بۆ بردنەوەی مۆندیال ئامادەیە، خەیاڵەکانیان هێندەی بەرزترین چیایەکانی دونیا گەورە بوو.
چۆن توانیت ئەزموونی پیشەگەرانەت لە تۆپی پێ لەگەڵ کرێکاری و بیناسازی بگونجێنیت؟
مێرخاس دۆسکی: لە منداڵیەوە لەگەڵ خێزانەکەم فێری عەقڵیەتێکی ئەڵمانی بوومە کە زۆر پابەندم و سنوورەکان نابەزێنم، ئێمە وەکو خانەوادە لە بنەڕەتدا بە دەوڵەمەندی گەورە نەبووین، باوکم هەمیشە دەیویست لەڕێگەی کاری قورسەوە پێبگەین و گەورە بین، هەمیشە ئێواران دوای کارەکەم دەچوومە مەشق و ڕاهێنانەکان، شەوانەش دوای ڕاهێنانەکان دەچوومە ڕاکردن، بەردەوام مەشقەکانم زیاد دەکرد، چونکە ئامانجم ئەوە بوو ببمە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ، هاوڕێیەکانم پابەند نەبوون بە خواردنی تەندروست، بەڵام من هەمیشە لە نێو بۆکسێکدا ئەو خواردنانەم دەخوارد کە بۆ جەستەم باش بوون.
متمانەت بە خۆت هەیە لەگەڵ ڤیکتۆریا پلزن ئەزموونێکی نوێ لە چامپیۆنزلیگ تاقی بکەیتەوە؟
مێرخاس دۆسکی: بەڵێ بێگومان، پێشتر لە کۆنفرانسلیگ و یۆرۆپالیگ یاریم کردووە، ئێستا تەنیا شتێک کە جەنگی بۆ دەکەم و ئاواتی بۆ دەخوام چامپیۆنزلیگە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ڤیکتۆریا پلزێن نازناو بەدەستبهێنێت و ئاهەنگی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ بگێرین، پێموا نییە سەختیش بێت چونکە یاریزانی کوالیتی بەرزمان هەیە، لەڕووی کارگێرییەوە هەموو شتێک بە پرۆفیشناڵی دەڕوات و سەرۆکێکی باشمان هەیە و هیچ بەربەستێک نەبینم.
ئایا خۆت وەک نموونەیەک بۆ یاریزانە لاوەکانی تۆپی پێ عێراق دەبینیت؟
مێرخاس دۆسکی: بەدڵنیاییەوە هەستم کردووە بوومەتە نموونە و ئیلهامبەخش بۆ هەزاران یاریزانی گەنج و لاوی عێراق، بەردەوام نامەیەکی زۆرم بۆدێت و دەڵێن دەمانەوێت هەمان هەنگاوی تۆ هەڵبگرین، زۆرجار گوێیان لێدەگرم و قسەیان بۆ دەکەم و پێیان دەڵێم ئەگەر بەهرەیەکت هەیە لەدەستی مەدەن و خزمەتی بەهرەکەت بکە و خۆت ماندوو بکە، هیچ شتێک مەحاڵ نییە، بەڵێنیشم داوە لە داهاتوو پشتگیری یاریزانە لاوەکان بکەم و رێگایان بەرەو ئەوروپا بۆ خۆش بکەم بۆ ئەوەی هەمان ئەزموونی پیشەگەری من تاقی بکەنەوە.