قالیباف: ئەگەر ئێران سوود لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە نەبینێت پابەندی نابین

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: وڵاتەکەمان پێویستە پشتبەستن بە دیپلۆماسیەت و دانوستان وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بەکاربهێنێت. گوتیشی: تاران هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ پابەندبوون بە یاداشتی لێکتێگەیشتنێک کە هیچ سوودێکی کردەیی بۆ وڵاتەکەی تێدا نەبێت.

چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: "ئەرکی ئێمەیە دیپلۆماسیەت و دانوستان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانمان بەکاربهێنین."

ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر بڕیار بێت ئێران سوود لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە وەرنەگرێت، ئەوا هیچ پاساو و هۆکارێک لە ئارادا نییە تاوەکو ئێمە خۆمان بە پابەندبوونی فەرمی بەو یاداشتەوە ببەستینەوە."

سەبارەت بە گرنگیی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و ئاسایشی دەریاوانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێگەی وڵاتەکەی لە دەروازە ئاوییەکاندا بە هێڵی سوور ناوبرد و گوتی: "پاراستنی پێگەی ئێران لە گەرووی هورمز بەشێکە لە بنەماکانی ئاسایشی نیشتمانیمان".

ئەم قسانەی قالیباف، جەختکردنەوەی تاران نیشان دەدات لەسەر پاراستنی هەژموون و رێکارە ئەمنییەکانی لەم گەرووە ستراتیژییەدا کە وەک یەکێک لە گرنگترین رێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا دادەنرێت.