هاوپەیمانان لە ماوەی 27 خولەکدا هەشت درۆنیان لە ئاسمانی هەولێر خستە خوارەوە

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند: هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، توانیویانە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی شاری هەولێر تێکبشکێنن و بیخەنە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێ بکەوێتەوە.

دژەتیرۆری کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمشەو چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کاتژمێر 20:53 تا کاتژمێر 21:20، بە سەرکەوتوویی توانیویانە هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی شاری هەولێر تێکبشکێنن و بخەنە خوارەوە.

بە پێی راگەیەنراوەکە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ جۆرە زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و دۆخی پایتەخت ئارامە.

لە لایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد،  پڕۆسەی فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەکان بە پێی خشتەی دیاریکراوی خۆیان بەڕێوەدەچن و کایەی ئاسمانیی پایتەخت پارێزراو و ئاساییە.