ئیسماعیل بەقایی: بەرنامەمان بۆ دانوستان نییە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئێستا بەرنامەمان بۆ دانوستان نییە و سەرنجمان لەسەر بەرگرییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی تەمموزی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ بەرنامەیەکی بۆ دانوستان نییە و تەواوی سەرنجیان لەسەر پرسی بەرگرییە، هۆشداریشی دا هێزە چەکدارەکانی ئێران وڵامی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان دەدەنەوە.

بەقایی سەبارەت بە رێککەوتننامەی ئیسلامئاباد جەختی لە پرەنسیپی بەڵێن بەرامبەر بەڵێن کردەوە و گوتی: "ئێران تەنیا تا ئەو کاتە پابەندی بەڵێنەکانی دەبێت کە لایەنی بەرانبەریش پابەند بێت؛ هەر کاتێک ئەوان رێککەوتنەکان پێشێل بکەن، ئێمەش جێبەجێکردنی پابەندییەکانمان رادەگرین."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری ئەم هەڵوێستەی تاران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لایەنی بەرامبەر لە سەرەتای رێککەوتنەکانەوە پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە و پەیمانشکێنیی کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، کاتژمێر3:00ـی پاشنیوەڕۆ بەکاتی واشنتن، هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستیان بە ئەنجامدانی دووەم شەپۆلی هێرشەکان کرد بۆ سەر بنکە و توانستە سەربازییەکانی ئێران.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکان ئەو توانستە سەربازییانەی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە بۆ هەڕەشەکردن لەو کەشتییانە بەکاردێن کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن؛ کە ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتیی ستراتیژی و هەستیارە بۆ بازرگانیی جیهانی.