فیلمێکی کوردی لە بەریتانیا خەڵاتی باشترین کاریگەرییە بینراوەکانی بەدەستهێنا

کورتەفیلمی "بەلەمە کاغەزییەکەم"، کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی هۆزان شێرزادە، لە فێستیڤاڵی خەڵاتەکانی فیلمی ئازادانە، کە لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەچوو، توانی خەڵاتی باشترین کاریگەرییە بینراوەکان بەدەستبهێنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی تەمموزی 2026، هۆزان شێرزاد، دەرهێنەری ئەو کورتەفیلمە بە کوردستان24ی گوت، "کورتەفیلمی "بەلەمە کاغەزیەکەم"، من کاری سیناریۆ و دەرهێنانم بۆی کردووە، لە سەرەتاکانی ساڵی 2025 دەستمان بە وێنەگرتنی کرد. ئەم فیلمە تا ئێستا توانیویەتی لە چەند فێستیڤاڵێکی ناوخۆیی سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنێت وەکو، لە خولی پێنجەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەروەها لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی لاوانی عێراق خەڵاتی بەدەستهێناوە."

هۆزان شێرزاد گوتیشی، "کاری ئەم فیلمە تەنیا بە وێنەگرتن نەوەستا، بەڵکو کاستی فیلمەکە لە هونەرمەندانی بینراو و شارەزایانی بواری جیاواز پێکهاتبوو کە هەر یەکەیان لە بەرپرسیارێتی خۆیدا بە دڵسۆزی کاریکرد. چالاک لەتیف و عەلی نەوزاد بەرپرسی دروستکردنی بەلەمەکە بوون؛ بەلەمێک کە یەکێک لە هێما و ئایکۆنە گرنگەکانی ناو چیرۆکی فیلمەکە بوو. دوای چوار رۆژ کارکردنی بەردەوام، بەلەمەکە تەواو بوو و دواتریش چەندین رۆژیان خستە سەر دروستکردنی دیکۆر و پێداویستییەکانی دیکەی فیلم. ئەو رۆژانە بۆ هەموومان پڕبوون لە ئەزموون، هاوکاری و یادەوەرییەکی تایبەت."

ئەو دەرهێنەرە باس لە بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییە دەکات و دەڵێت، "ئەو کورتەفیلمە لە فێستیڤاڵی خەڵاتەکانی فیلمی ئازادانە، کە لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەچوو، و زیاتر لە 60 فیلم لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهان تێیدا بەشدارییان کردبوو، هەڵبژێردرا. دوای بینین و هەڵسەنگاندنی فیلمەکان، باشترین بەرهەمەکان لە هەشت پۆلی خەڵاتدا ناسێنران. بە شایستەیی، کورتەفیلمی "بەلەمە کاغەزیەکەم"، خەڵاتی "باشترین کاریگەرییە بینراوەکان"ی بەدەستهێنا؛ خەڵاتێک کە بەهۆی ماندووبوون، داهێنان و وردبینی تیمی کاری بینراوی فیلمەکە پێشکەش کرا."

هۆزان شێرزاد ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم سەرکەوتنە بۆ ئێمە تەنیا وەرگرتنی خەڵاتێک نییە، بەڵکو پشتڕاستکردنەوەی ئەوەیە کە بە کار و دڵسۆزی دەتوانرێت بەرهەمێکی کوردی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جێگەی خۆی بدۆزێتەوە. دڵخۆشین کە توانیومانە بەشێکی بچووک لە خزمەتکردنی هونەری سینەمای کوردی بکەین و جێپەنجەی خۆمان لەسەر ئەم بەرهەمەدا جێبهێڵین."

کورتەفیلمی "بەلەمە کاغەزییەکەم"، کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی هۆزان شێرزادە، هەر یەکە لە چالاک لەتیف و عەلی نەوزاد، ئەرکی دروستکردنی بەلەمەکەیان گرتە ئەستۆ. ئەو فیلمە بەشداری چەندین فێستیڤاڵی کردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە.