سزای دوو ساڵ زیندانیکردن بەسەر محەمەد کەربولیدا سەپێندرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026،  دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی وەرگرتنی بەرتیلدا، سزای زیندانی بەسەر پەرلەمانتار محەمەد کاربولی دا سەپێندرا.

بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی "دادگای ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای زیندانیی دوو ساڵ بەسەر تاوانبار محەمەد ناسر دەلی کەربولی، ئەندامی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەراندا سەپاندووە، لەگەڵ سزای دارایی بە بڕی 10 ملیۆن دینار."

لە راگەیەندراوەکەدا روونیشکراوەتەوە، ئەم سزایە لەسەر بنەمای ئەوە بووە کە کەربولی داوای بڕی 50 هەزار دۆلاری کردووە لە بەرامبەر دەستێوەردان بۆ داخستنی ئەو لیژنە لێکۆڵینەوانەی کە دژی سکاڵاکارێک لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرخی یەکەم پێکهێنرابوون، بە مەبەستی هێشتنەوەی لە پۆستەکەیدا وەک بەڕێوەبەری یەکێک لە قوتابخانەکان.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، دادگا دوای پێداچوونەوە بە بەڵگە و سەلمێنەرەکانی ناو دۆسیەکە، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە بەڵگەکان سەلمێنراون بۆ سزادانی تۆمەتبارەکە، هەر بۆیە بڕیاری سزادانی کەربولی بەگوێرەی بڕگەکانی بڕیاری ژمارە (160ی ساڵی 1983) دەرکردووە.