سبەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بەڕووی گەشتیاراندا دادەخرێت

بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت ئاگادارییەکی ئاراستەی گەشتیاران و هاونیشتمانیان دەکات و رایدەگەیەنێت سبەی هەینی، هاتووچۆ لە دەروازەکە رادەگیرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لەسەر داواکاری لایەنی تورکیا (دەروازەی دەرەجیک)، سبەی هەینی 17ـی تەممووزی 2026، دەروازەی نێودەوڵەتی زێت بەڕووی هاتووچۆی گەشتیاراندا دادەخرێت. هۆکاری ئەم داخستنەش بۆ کارکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکانی دیوی تورکیا لە سنووری دەروازەی دەرەجیک دەگەڕێتەوە.

راگەیاندنی دەروازەی زێت جەخت دەکاتەوە، لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە هیچ گرفتێک نییە و هەموو کارەکان ئاسایین، بەڵام بەهۆی چاکسازییەکانی دیوی تورکیاوە ناچارن هاتووچۆ بوەستێنن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "بەهۆی ئەوەی رۆژانی شەممە و یەکشەممە پشووی فەرمی دەروازەکەیە، بۆیە گەشتکردن و هاتووچۆی ئاسایی لە رۆژی دووشەممە، 20ـی تەممووزی 2026، دەستپێدەکاتەوە."

بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت، داوا لە گەشتیاران دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر گرفتێک، ئاگاداری کاتی داخستنی دەروازەکە بن و پلان و کاتی گەشتەکانیان بۆ رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو رێکبخەن.