عێراق دەنگۆی راگرتنی هەناردەی نەوت بەهۆی ‌هێرشێکی درۆنی رەتدەکاتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رەتیدەکاتەوە، هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرەکانی باشوور راگیرابێت و جەخت دەکاتەوە، پرۆسەکە بەردەوامە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بەردەوامیی پرۆسەکانی بارکردن و هەناردەکردنی نەوتی خاوی لە بەندەرەکانی باشوور دووپات کردەوە. 

وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، ئەو هەواڵانەی لە هەندێک پەیج و کەناڵی تەلەڤیزیۆنییەوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە راگرتنی بارکردنی نەوتی عێراق لە بەندەرەکانی باشوور بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا، دوورن لە راستییەوە.

 هاوکات روونی کردەوە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) هێشتا لێکۆڵینەوە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک بەسەر یەکێک لە کەشتییەکاندا دەکات و لە کاتی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئەنجامەکان رادەگەیەنن.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق روونی کردەوە ئەو درۆنەی بەسەر یەکێک لە کەشتییەکاندا کەوتووەتە خوارەوە لە دەرەوەی سنووری بەندەرەکانی عێراق بووە. جەختیشی لەوە کردەوە رووداوەکە لەناو شۆستەکان یان دامەزراوەکانی سەر بەوان رووی نەداوە و کارکردن لە بەندەرەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت.

لە بەرانبەردا ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چوار سەرچاوەی نەوتی و ئەمنیی عێراقەوە گواستییەوە، پرۆسەی بارکردنی نەوتی خاو لە سەرجەم بەندەرەکانی عێراق بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە. ئەمەش دوای ئەوەی درۆنێک خۆی بە کەشتییەکی نەوتهەڵگردا لە بەندەری بەسرە کێشاوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی ماددیی گەورە یان ئاگرکەوتنەوەیەک تۆمار بکرێت.