پارێزگاری هەولێر مۆلیدە ئەهلییەکان ئاگادار دەکاتەوە

دوای پچڕانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر و ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکان بڕیارێکی نوێیان بۆ کارکردنی مۆلیدەکان و نرخی ئەمپێر دەرکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەمموزی 2026، دوای کۆبوونەوەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکان، خشتەیەکی نوێی کارکردنی مۆلیدەکان بۆ سنووری پارێزگای هەولێر (ناوشار، قەزا و ناحیەکان) راگەیەندرا.

بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان دەبێتە 24کاژێری، واتە لە هەر کاتێکدا کارەبای نیشتمانی بپچڕێت، پێویستە مۆلیدەکان کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین بکەن.

سەبارەت بە نرخی ئەمپێر و کاتی کارکردن، بڕیاردراوە:

بۆ هەر 165 کاتژمێرێک کارکردنی مۆلیدە لە ماوەی دوو مانگدا، بڕی 10 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک وەردەگیرێت.

ئەگەر لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا، بەهۆی بوونی کارەبای نیشتمانییەوە، مۆلیدەکان نەگەیشتنە 165 کاتژمێر کارکردن، ئەوا ژمارەی کاتژێرەکان سفر دەبێتەوە و هاووڵاتییان هیچ بڕە پارەیەکی دیکە قەرزار نابن.

ئەنجومەنی باڵای مۆلیدە ئەهلییەکان ئاگاداری سەرجەم خاوەن مۆلیدەکان دەکاتەوە کە پابەندی بڕیارەکە بن. هاوکات داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات لە کاتی هەر سەرپێچییەک یان کارنەکردنی مۆلیدەکان لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی، پەیوەندی بە لیژنەکانی شارەوانی و قەزا و ناحیەکانی سنووری خۆیانەوە بکەن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.

ئەم بڕیارەی پارێزگای هەولێر لەکاتێکدایە، کە بەهۆی گرفتێکی ئەمنی لە کێڵگەی کۆرمۆر، هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و کارەبای نیشتمانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.