زولفەقاری: هیچ شوێنەوارێک لە ژێرخانی ناوچە ناهێڵینەوە
گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا هۆشداری بە ئەمریکا دەدات و هەڕەشە لە تەواوی ناوچەکە دەکات بەوەی، ئەگەر لە هێرشەکاندا ژێرخانەکانی ئێران بکرێنە ئامانج، ئەوە هێزە چەکدارەکانی ئێران دەست ناپارێزن و هەرچی ژێرخانی ناوچەکە هەیە وێرانی دەکەن.
ئیبراهیم زولفەقاری گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ئەمڕۆ پێجشەممە 16ـی تەممووزی 2026، هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە کردووە و دەڵێت " ئەمریکای تاوانبار بەردەوامە لە یاخیبوون و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە".
هەروەها رایگەیاندووە "لە هیچ بارودۆخێکدا و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە ئەمریکا نادەین، وەک وڵاتێکی بیانی و بێگانە، دەستوەردان لە گەرووی هورمزدا بکات. ئەمە هێڵی سوورە و ئێرانیش هیچ شکستێک قەبووڵ ناکات".
زولفەقاری دەڵێت"هەڕەشەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکا کە پڕە لە قسەی پووچ، دەیەوێت سوپای وڵاتەکەی ژێرخانەکانی ئێران بکەنە ئامانج، بەڵام دەبێ دڵنیابنەوە هەرچی ژێرخانی ناوچەکەیە هەیە، لەبەردەم سێرەی هێزی پۆڵاینی کۆماری ئیسلامی ئێراندان؛ لە ئەگەری هەر هێرشێکدا سەرجەم ژێرخانەکانی ناوچەکە بە جۆرێک وێران دەکرێن، وەک ئەوەی هەر نەبووبن ".
گوتەبێژەکەی خاتولئەنبیا هەڕەشە لە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت "دوژمنی نەزان دەبێت بزانێت ئەو گورزەی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەیوەشێنن، گورزێکی یەکسان نییە، گورزێکی بەهێزترە، هێرشەکان لە هەموو کاتێکی پێشتر توندترو و بەربڵاوتر و وێرانکەرتر دەبن. گڕی تووڕەیی گەلێکە کە هەرگیز خۆی بە دەستەوە نەداوە دامێنی دەستدرێژکار گڕ تێبەردەدات".