نەوت و کانزاکانی هەولێر رێکاری نوێ بۆ دابەشکردنی گاز رادەگەیەنێت
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، چەند رێنماییەکی نوێی بۆ رێکخستنی دابەشکردنی گازی ماڵان بڵاوکردەوە، کە تێیدا پڕکردنەوە و گواستنەوەی گاز تەنیا بۆ بریکارە فەرمییەکان و ئەو بارهەڵگرانە سنووردار دەکات کە کۆدی فەرمییان هەیە.
پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، لە راگەیەنراوێکدا، چەند رێنمایی و بڕیارێکی نوێی بە مەبەستی ڕێکخستنی پرۆسەی بارکردن، گواستنەوە و دابەشکردنی گازی ماڵان بۆ سەرجەم کارگە و گۆڕەپانەکانی فرۆشتنی گاز لە سنووری پارێزگاکە دەرکرد.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاگاداریی سەرجەم کارگەکانی گاز دەکاتەوە، کە تەنیا رێگەیان پێدراوە گاز بۆ بریکارە فەرمییە حکوومییەکانی خاوەن تابلۆی (زەرد) پڕ بکەن.
بە پێی راگەیەنراوەکە، بڕیارەکە ڕێگە بە بارکردنی گاز دەدات تەنیا بۆ ئەو بارهەڵگرانەی خاوەن تابلۆی (شین)ـن کە پێشتر لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێرەوە کۆدی فەرمییان بۆ تابلۆکانیان دانراوە. بە گوێرەی بڕیارەکە، هیچ بارهەڵگرێکی دیکە مافی بارکردنی غازی لە کارگەکاندا نابێت.
لە لایەکی ترەوە، رێنمایی ئارڕاستەی سەرجەم گۆڕەپانەکانی فرۆشتنی گاز کراوە، کە جگە لەو بارهەڵگرانەی خاوەن تابلۆی (شین)ـن و کۆدی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەیە، نابێت گاز بە هیچ بارهەڵگرێکی دیکە بدرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر جەختی کردووەتەوە کە پێویستە سەرجەم کارگە و گۆڕەپانەکان بە تەواوی پابەندی ئەم رێنماییانە بن، بە پێچەوانەوە هەر لایەنێک پابەند نەبێت، رووبەڕووی سزای کارگێڕی و لێپێچینەوەی یاسایی توند دەبێتەوە.