یەکێتیی پیاوان: لە شەش مانگدا پیاوان 383 سکاڵایان دژی هاوسەرەکانیان تۆمارکردووە

یەکێتیی پیاوانی کوردستان ئاماری شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان توندوتیژی دژی پیاوان بەردەوامە و لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، 33 پیاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەمموزی 2026، یەکێتیی پیاوانی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لە سەرجەم لق و ناوچەکان 383 جۆری سکاڵا و توندوتیژی لەلایەن پیاوانەوە دژی هاوسەر و خانەوادەکانیان تۆمارکراون. بەگوێرەی ئامارەکان، 33 پیاو خۆیان کوشتووە و 12 پیاوی دیکەش بەهۆی کێشە خێزانییەکانەوە کوژراون.

بورهان فەرەج، سکرتێری رێکخراوی یەکێتیی پیاوانی کوردستان،  بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند "ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر بە پیاوان ئەنجامدراون جۆراوجۆرن، قورسترین و زۆرترینیان بێڕێزیکردن و دەستێوەردان بووە لە ژیانی پیاوان."

سکرتێری یەکێتیی پیاوان ئاماژەی بەوەش کرد، بێڕێزیکردنەکە زۆرترینی لەلایەن هاوسەر و منداڵەکانەوە بووە، هەروەها دەستێوەردانی کەسوکاری هاوسەری پیاوەکە لە ژیانی خێزانی پشکی شێری بەرکەوتووە. گوتیشی "کوشتنی پیاوان لەلایەن کەسوکاری ژنەوە زیادیکردووە، ئەمەش بەهۆی دەستێوەردان و نەبوونی روحیەتی یەکتر قبوڵکردنە، هاوکات ئەو پیاوانەشی خۆیان کوشتووە، بەهۆی پاڵەپەستۆی خێزانی و کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە بووە."

بورهان فەرەج رەخنەی لە شێوازی پەنابردنی هەندێک لە ئافرەتان بۆ یاسا گرت و گوتی "کاتێک ئافرەتان بۆ سکاڵاکانیان پەنا بۆ دادگاکان دەبەن، بۆ داوا مرۆڤایەتییەکانیان پشت بە جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی ئافرەتان دەبەستن، بەڵام کاتێک داواکانیان پەیوەست بێت بە لایەنی ماددی و پارەوە، پەنا بۆ شەریعەتی ئیسلام دەبەن."

سکرتێری رێکخراوی یەکێتیی پیاوان هۆشداریدایە کۆمەڵگە کە بەرەو "تاکگەرایی" دەچێت و داوای کرد رێکخراوەکان و پیاوانی ئایینی ئەرکی خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی خێزان و کەمکردنەوەی گرفتەکان جێبەجێ بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، د. ئەحمەد سەیدە، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دەروونناسی و خێزان، دەربارەی هەمان ئامار بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "بە گشتیی دوو هۆکار بۆ کێشە خێزانییەکان هەن، کە ئەوانیش هۆکاری بابەتی و کەسین. لە هۆکارە بابەتییەکاندا کێشە دەروونی، جەستەیی و فکرییەکان بوونیان هەیە؛ کاتێک هاوسەران لەسەر بابەتێک کۆک نین، کێشەکانیان گەورە دەبێت و پەنا بۆ سکاڵا دەبەن."

ئەو پسپۆڕە دەروونییە ئاماژەی بە لایەنێکی دیکەی کێشەکان کرد و گوتی "کاتێک ئافرەت بە درێژایی رۆژ لە ماڵەوەیە، داوا دەکات هاوسەرەکەی کاتی بۆ تەرخان بکات، چونکە بەشێکی پیاوان شەوانە کاتەکانیان لە دەرەوە بەسەر دەبەن."

د. ئەحمەد سەیدە جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە بۆ ئامارەکان گوێ لە هەردوو لا بگیرێت بۆ ئەوەی هۆکاری راستەقینە بزانرێت، چونکە بەشێک لەو توندوتیژییانەی بەرامبەر پیاوان دەکرێت هۆکاری سۆزداری و خیانەتی هاوسەرگیریشی لەپشتە، بۆیە پێویستە ئامارەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و شەفاف بن.