کۆشکی سپی بۆ کوردستان24: ئێران باجی پێشێلکردنی بەڵێنەکانی دەدات
گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی ئێران وەک سزایەک بوون بەرامبەر پێشێلکردنی ئەو بەڵێنانەی تاران کە بە سەرۆکی ئەمریکای دابوو.
پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی رەحیم رەشیدی، پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن، گوتی: بەداخەوە ئێران پابەند نەبووە بەو بەڵێنانەی کە بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دابوو.
باسی لەوەش کرد، ئێران بەهۆی ئەوەی پابەندی بەڵێنەکانی و رێککەوتنەکان نەبووە، بۆیە سەرۆکی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوو فەرمانی دەستپێکردنەوەی هێرشی بۆ سەر ئەو وڵاتە داوە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوە کرد، ئێران بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا و دەیەوێت رێککەوتنێک واژۆ بکات.
کارۆلاین دەڵێت: گەرووی هورمز کراوەیە بە رووی ئەو کەشتییە بازرگانییەکان، ترەمپ رێگە نادات ئێران لە گەرووی هورمز هێرش بکاتە سەر کەشتییەکان.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، دەسەڵاتی ئێران دابەشبووە و بەشێکیان لایەنگری واژۆکردنی رێککەوتنن لەگەڵ ئەمریکا.
گوتەبێژی کۆشکی سپی، جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکی ئەمریکا هەمیشە ئامادەیە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی، چونکە بڕوای بە پرەنسیپی "بەدیهێنانی ئاشتی لە رێگەی هێزەوە" هەیە و بۆ جیهانی سەلماند کە ئێمە دەتوانین لە هەر کات و لە هەر شوێنێکدا بێت لە ئێران بدەین.