حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای شیڤرۆن یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

بڕیارە سبەی حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی شیڤرۆنی ئەمریکی، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی کارەکانی هەردوو کێڵگەی نەوتی "رۆژئاوای قوڕنە 2" و "ناسڕیە" واژۆ بکەن.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، بڕیارە سبەی هەینی 17ـی تەممووزی 2026، حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای شیڤرۆن بە فەرمی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن؛ ئامانجی ئەم رێککەوتنە بەرەوپێشبردنی کار و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانە لە هەردوو کێڵگەی نەوتی "رۆژئاوای قوڕنە دوو" و "ناسڕیە".

بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، کۆمپانیا ئەمریکییەکە لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆدایە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی تەکنیکی و هەڵسەنگاندن بۆ هێڵێکی نوێی بۆریی نەوت. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە، دۆزینەوەی رێگەیەکە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات، بە شێوازێک کە بە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا تێنەپەڕێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم یاداشتنامە سەرەتاییە دەبێتە هۆی باشترکردنی مەرجە بازرگانییەکان و زەمینەخۆشکردن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، کە لە رێگەیەوە کۆمپانیای شیڤرۆن بە فەرمی ئەرکی بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی ئەو کێڵگە نەوتییانە وەردەگرێت.

لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا، حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای شیڤرۆن رێککەوتنێکیان بۆ گەشەپێدانی پڕۆژەی کێڵگەی نەوتی ناسڕیە واژۆ کردبوو، کە پرۆسەی گەڕان و پەرەپێدانی چوار بلۆکی نەوتیی ئەو کێڵگەیە لەخۆدەگرێت.