ئەمریکا فڕۆکەخانەیەک و چەندین پردی لە ئێران بۆردوومان کرد

بەندەری خەمیر لە هورموزگان
بەندەری خەمیر لە هورموزگان

سێنتکۆم پێنجەم شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و چەندین ناوچەی جیاوازی وەک بوشەهر، بەندەری عەباس و فڕۆکەخانەی ئێرانشەهری کردە ئامانج؛ هاوکات کۆشکی سپی جەختی کردەوە، ترەمپ لە فشارەکانی بەردەوام دەبێت و هۆشداریی داوە کە ئەگەر تاران نەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانە نیشتمانییەکان و تەنانەت کۆنترۆڵکردنی زەمینیی دوورگەی خارگ پەرە پێدەدات، لە بەرامبەردا ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی بابولمەندەب دەکات لە رێگەی حووسییەکانەوە.

درەنگەکانی شەوی پێنجشەممە 16ی تەممووزی 2026، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز چەندین ناوچەی جیاوازی وڵاتەکەیان هەژاندووە. پارێزگاری بوشەهر، کە وێستگەیەکی ئەتۆمیی تێدایە، رایگەیاند، دوو تەقینەوەی گەورە لە شارەکەدا روویان داوە. هاوکات بەندەری عەباسی کەناراویش بووەتە ئامانجی بۆردوومانێکی چڕ و بەهۆیەوە لانی کەم 12 کەس بریندار بوون.

بەپێی سەرچاوە ئێرانییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا پردی بەندەر خەمیریان پێکاوە کە هەردوو شاری بەندەری عەباس و لاری باشووری ئێران بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەو هێرشەدا 3 کەس کوژراون و 4ـی دیکەش بریندار بوون. هەروەها فڕۆکەخانەی ئێرانشەهر لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و دەوروبەری شارەکانی حەمیدیە، ئەهواز و سیریک کراونەتە ئامانجی مووشەکە ئەمریکییەکان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستپێکردنی پێنجەم شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند، تێیدا چەندین پێگەی ستراتیژی و ژێرخانی گواستنەوە لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کراونەتە ئامانج. سێنتکۆم ئاماژەی دا، ئامانجی ئەم هێرشانە بەردەوامبوونە لە لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران و کۆنترۆڵی تاران بەسەر گەرووی هورمزدا.

هەروەها کارۆلاین لڤێت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، جەختی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستەوەستان ناوەستێت بەرامبەر کارەکانی ئێران لە گەرووی هورمزدا و ئێران رووبەڕووی لێپرسینەوە دەکاتەوە."

هاوکات دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی داوە کە ئەگەر تاران نەگەڕێتەوە ناو دانوستانەکان، هەفتەی داهاتوو وێستگەکانی کارەبا و پردە ستراتیژییەکانی دیکە دەپێکێت. ترەمپ ئەوەشی نەشاردییەوە، ئەگەری هەیە پەنا بۆ هێزی زەمینی ببات بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە هەستیارەکانی وەک دوورگەی خارگ کە چەقی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە.

ئەم ئاڵۆزییانە هاتوچۆی کەشتیوانییان لە گەرووی هورمز بەتەواوی پەکخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز لە بازاڕە جیهانییەکاندا. لە بەرامبەردا، تاران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ژێرخانە نیشتمانییەکانی، ئەوا لە رێگەی هاوپەیمانە حووسییەکانییەوە گەرووی بابولمەندەب لە دەریای سوور دادەخات، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر بازرگانیی دەریایی جیهان دروست دەکات.

لە کاتێکدا ئەمریکا داوا لە کەشتییەکان دەکات رێڕەوی جێگرەوە بەدرێژایی کەناراوەکانی عومان بەکاربهێنن، ئێران پێداگری دەکات کە دەبێت هەموو کەشتییەکان تەنیا لەو رێڕەوانەوە بڕۆن کە لە کەناراوەکانی ئەوانەوە نزیکە و تێچووی تێپەڕبوون بدەن، ئەمەش دۆخەکەی گەیاندووەتە بنبەستێکی سیاسی و سەربازیی مەترسیدار.