سێنتکۆم: کۆتاییمان بە شەپۆلی شەشەمی هێڕشەکان بۆ سەر ئێران هێنا

سێنتکۆم رایگەیاند، کە شەپۆلێکی نوێ و بەفراوانی هێرشە ئاسمانی و دەریاییەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە. ئەم هێرشانە کە بۆ شەشەم شەوی لەسەریەک بەردەوامن، دەیان ئامانجی ستراتیژیی وەک سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و پێگە دەریاییەکانی تارانیان پێکاوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئێران دژی کەشتییە بازرگانییەکان.

هەینی 17ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، کاتژمێر 9:40 خولەکی شەو بە (کاتی ڕۆژهەڵات)، هێزەکانی ئەمریکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەشتییە جەنگییەکان، زنجیرەیەک هێرشی چڕیان بۆ سەر ئێران ئەنجام داوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا تەقەمەنیی یەکجار ورد بەکار هێنراوە بۆ پێکانی دەیان ئامانجی سەربازی، لەوانە: بنکەکانی چاودێریی کەناراوەکان، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، ژێرخانی لۆجستیی سەربازی و تواناکانی هێزی دەریایی ئێران.

سێنتکۆم ئاشکرای کرد، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا (فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان) ئەنجام دەدرێن. ئامانجی سەرەکیی واشنتن لەم هێرشانە، پەکخستن و لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێرانە، تاوەکو چیتر نەتوانێت هێرش بکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و ئاسایشی دەریاوانی بخاتە مەترسییەوە

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێستا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر کراون. سێنتکۆم جەختی کردەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی چاوکراوەیی و ئامادەباشیدان و وەک هێزێکی کوشندە ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک.