سوپای پاسداران: هێرشمان کردە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە سووریا
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، لە هێرشێکدا بنکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکایان لە ناوچەی تەنەفی سووریا کردووەتە ئامانج؛ جەختیش دەکاتەوە، ئەم هێرشە وەک تۆڵەیەک بووە لە بەرامبەر کوژرانی سەربازەکانیان لە شاری ئێرانشەهر و هۆشداریی دەدەن کە تا هێرشەکانی ئەمریکا نەوەستن، رێگە بە هەناردەکردنی نەوت و گاز لە گەرووی هورمز نادەن.
هەینی 17ی تەممووزی 2026، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، هێزە ئاسمانییەکانیان قۆناخی یازدەیەمی ئۆپەراسیۆنی نەسر 2یان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کردووە. بەپێی راگەیەندراوەکە، هێزەکانیان بە بەکارهێنانی درۆن و مووشەک، هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندی فەرماندەیی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ستراتیژیی تەنەف لە خاکی سووریا.
سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا توانیویانە سیستەمێکی راداری و چەندین هێلیکۆپتەری جۆری تایبەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا تێکبشکێنن. هەروەها ئاماژەشی داوە، "ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئەمریکا" لەو هێرشەدا کوژراون. راگەیەندراوەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم کارە تۆڵەی خوێنی ئەو سەربازانە بووە کە شەوی رابردوو لە ناوچەی بەمپووری ئێرانشەهر بەهۆی بۆردوومانی ئەمریکاوە کوژراون
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکە، سوپای پاسداران هۆشداری ئاراستەی واشنتن و بازاڕەکانی جیهان کرد و رایگەیاند: "کۆنترۆڵی تەواوەتی گەرووی هورمز لە ژێر دەستی ئێمەدایە و تا ئەو کاتەی هێرشەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، رێگە نادەین یەک دڵۆپە نەوت و گاز لەم ناوچەیەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت."
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە ماوەی شەش رۆژە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە دەپێکێت. پەکخستنی ئەم پردانە دەبێتە هۆی دابڕانی پەیوەندیی نێوان گەورەترین بەندەرەکانی ئێران و شارە ناوخۆییەکان، کە ئەمەش لێکەوتەی ئابووری و سەربازیی قورسی بۆ تاران دەبێت.