کوەیت: بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی و درۆنی ئێرانیمان داوەتەوە

سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت رایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان سەرقاڵی تێکشکاندنی هێرشێکی مووشەکی و چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "دوژمنکارانە"یە.

ئەمڕۆ هەینی، 17ـی تەمموزی 2026، سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ئێستادا رووبەڕووی هێرشەکان بوونەتەوە کە بە گوتەی ئەوان "دەستدرێژییەکی ئێرانییە" بۆ سەر وڵاتەکەیان.

سوپای کوەیت هاووڵاتییانی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە "ئەگەر دەنگی تەقینەوە بیسترا، ئەوە دەرەنجامی تێکشکاندنی هێرشەکانە لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە."

هاوکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان داوایان لە هەموو لایەک کردووە، پابەندی رێنماییەکانی ئاسایش و سەلامەتی بن کە لەلایەن دەزگا فەرمییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، سوپای ئێران لە راگەیەندراوێکی دیکەدا رایگەیاند، لە کاتژمێرەکانی رابردوودا و لە چوارچێوەی قۆناخی دوازدەیەمی ئۆپەراسیۆنی ساعیقە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆمبڕێژکراوەکان جۆری "ئارەش" شوێنی جێگیربوونی هێزەکان و ناوەندەکانی پشتیوانیی لۆجستیی سوپای ئەمریکایان لە کوەیت پێکاوە.