میدیای ئیسرائیلی: ئیسرائیل دوو سیناریۆی لەبەردەمە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، تەلئەڤیڤ دوو سیناریۆی دیاری کردووە کە رەنگە ببنە هۆی گەڕانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، یەکەمیان لە ئەگەری بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل لەلایەن تارانەوە، دووەمیان لەسەر داوایەکی فەرمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
هەینی 17ـی تەممووزی 2026، دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل بە وردی چاودێری پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات، لە نێوەندێکدا کە هەڵسەنگاندنەکان باس لەوە دەکەن، تاران لەم قۆناغەدا نایەوێت ئیسرائیل و سوپاکەی رابکێشێتە نێو بازنەی ململانێیەکانی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا.
ئەم هەڵسەنگاندنانە لە کاتێکدا دێن، ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران فراوانتر کردووە و تەلئەڤیڤی ئاگادار کردووەتەوە لە نیەتی بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخان و دامەزراوەکانی وزە، جگە لەو پێگە سەربازییانەی لە رۆژانی رابردوودا کراونەتە ئامانج.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلییەوە گواستییەوە، ئەم پێشبینییانە بەو مانایە نین کە ئیسرائیل رووبەڕووی هێرش نابێتەوە، بەڵکو سوپای ئیسرائیل بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەیە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئیسرائیل تەنیا لە دوو حاڵەتدا راستەوخۆ دەچێتەوە نێو جەنگەکە: ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ناوخۆی ئیسرائیل، یان داوایەکی فەرمیی لە واشنتنەوە پێ بگات بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی دابووە ئێران و رایگەیاندبوو، هەر هێرشێک بکرێتە سەر ئیسرائیل، وەڵامەکەیان بەهێزتر لە جاران دەبێت.
ئەم ئاڵۆزییانە پاش زنجیرەیەک پێکدادانی سەربازی دێن، لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشێکی 12 رۆژەی کردە سەر ئێران، دواتر لە 28ـی شوباتی 2026، ناوچەکە پەرەسەندنی گەورەی بەخۆیەوە بینی کاتێک ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ناوخۆی ئێران و بەهۆیەوە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی و سیاسی کوژران.
لە بەرامبەردا، ئێران بە مووشەکی بالیستی و درۆن وەڵامی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە وڵاتانی کەنداو دایەوە، دوای ئاگربەستێکی کاتی لە مانگی نیساندا، لە مانگی حوزەیران و تەممووزی ئەمساڵدا جارێکی دیکە گرژییەکان سەریان هەڵداوەتەوە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر بەردەوامن.