تۆم بەڕاک: لەبری شەڕ و گۆڕینی دەسەڵات، بە بازرگانی ئاشتی بۆ ناوچەکە دەستەبەر دەکەین

لە گوتارێکی مێژوویدا رەخنەی توندی لە سیاسەتی دەرەوەی رابردووی وڵاتەکەی گرت و رایگەیاند کە دەستوەردانی سەربازی و هەوڵەکان بۆ گۆڕینی رژێم لە ناوچەکەدا شکستیان هێناوە. باڕاک جەختی کردەوە کە ئیدارەی ترەمپ ئێستا ستراتیژییەکی نوێی گرتووەتە بەر کە تێیدا عێراق وەک چەقی هاوپەیمانییەکی نوێی ئاسایش و وزە دەبینرێت، کە لە رێگەی کەرتی بازرگانی و وەبەرهێنانەوە سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەگێڕێتەوە.

هەینی 17ـی تەممووزی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا،لە میانی لووتکەی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و عێراق، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە مێژووی دەوڵەمەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و گوتی: "لەم 3000 ساڵەی رابردوودا، 75 پێغەمبەر بۆ ئەم ناوچەیە رەوانە کراون؛ ئەمە نیشانەی بایەخی جیهانیی ئەم خاکەیە وەک چەقی شارستانییەت."

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بە راشکاوی باسی لە هەڵەکانی رابردوو کرد و رایگەیاند: "لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، 23 هەوڵ بۆ گۆڕینی رژێم لەم ناوچەیەدا دراوە، بەڵام تەنانەت یەکێکیشیان ئەنجامی باشییان نەبووە. ئێمە تێگەیشتین کە دیپلۆماسی، هەواڵگری و هێزی سەربازی بە تەنیا ناتوانن ئاشتی بەرپا بکەن، تەنیا وەبەرهێنانی ئابووری و بازرگانییە کە دەتوانێت سەرکەوتنی بەردەوام دەستەبەر بکات."

بەڕاک پەردەی لەسەر پڕۆژەیەکی گەورەی رایگەیاند، عێراق لە پێشەنگی هاوپەیمانییەکی نوێی ستراتیژی دەبێت کە ناوچەکانی میسۆپۆتامیا، سووریا و وڵاتانی کەنداو پێکەوە دەبەستێتەوە. گوتیشی: "ئێمە کار لەسەر رێڕەوێکی نوێی وزە دەکەین کە لە تورکیا، ئازەربایجان و تورکمانستانەوە بە ناو ناوەڕاستی ئاسیادا تێپەڕ دەبێت بەرەو ئەوروپا؛ و عێراق دەبێتە بەشێکی سەرەکی لەم نەخشە نوێیەی وزە و گواستنەوەدا."

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ستایشی سەرکردایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و بە "سەرکردەیەکی گەنج و خاوەن دیدگایەکی روون و شەفاف" وەسفی کرد. بەڕاک داوای لە بازرگانان و کۆمپانیاکانی ئەمریکا کرد کە بە تەواوی پشتگیری لە حکوومەتەکەی زەیدی بکەن و گوتی: "ئەم سەرکردەیە توانای ئەوەی هەیە وەرچەرخان لە پەیوەندییەکی 23 ساڵەی پڕ لە ئاڵۆزی دروست بکات و عێراق بەرەو قۆناخێکی نوێی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری ببات."

بەڕاک جەختی کردەوە کە واشنتن دەیەوێت لەبری "شەڕ و لەناوبردن"، لە رێگەی "بازرگانی و ئاوەدانییەوە" لەگەڵ عێراقدا بەردەوام بێت، و پێی وایە ئەمە تەنیا رێگەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا و گەلانی ناوچەکە.